خالید عەباس: هەموو ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دهۆک کراون
بەڕێوەبەری ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق ڕایدەگەیەنێت: ئامادەکاریی باش بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە هۆک کراوە و دەڵێت: بەرەو قۆناغی کۆتایی دەچین.
خالید عەباس، بەڕێوەبەری ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا دوای دەنگدانی ئەزموونیی لە پارێزگا دهۆک بۆ جاری سێیەم گوتی: لە پارێزگای دهۆک 41 بنکە دەستنیشان کرا بۆ ئەزموونکردنی ئامێرەکانی دەنگدان، لەهەر بنکەیەک وێستگەیەک دەستنیشان کرا بۆ دەنگدەری گشتی، فەرمانبەرانی کۆمیسیۆن بوونە دەنگدەر کە لە پرۆسەکەدا هەر سێ ئامێر کە لە هەڵبژاردن بەکاردێت، کاریان پێ کرا دەڵێت: دوو وێستگەی تایبەت هەبوون، وێستگەیەک لە ئۆفێسی کۆمسیۆن و وێستەگەیەکیش لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دهۆک کە 200 کارمەندیان بەشداربوون لەو ئەزموونکردنە.
بەڕێوەبەری ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق گوتی: ئەوە دوا ئەزموونکردنە دەیکەین و پێمان وایە سەرکەوتوو دەبێت، ئامێرەکان سەرکەوتووانە کاریان کرد، دەڵێت: ئامادەکارییەکانی دیکەش دەکەین، قۆناغی دوای ئەوە دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری دەست پێ دەکات، گوتی: سەدا 96ـی دەنگدەرانی سنووری پارێزگای دهۆک کارتی بایۆمەترییان وەرگرتووەتەوە، پرۆسەی پێدانەوەی کارتی بایۆمەتریش بە هاووڵاتییان تا 17ـی 10ـی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.
خالید عەباس گوتی: ناوی بەربژێران لە سنووری پارێزگای دهۆک نێردراوە بۆ دەستەی دەستپاکی و وەزارەتی ناوخۆ، ناوەکان گەڕاونەتەوە کۆمیسیۆن و کۆمسیۆن پشکنین بۆ ناوەکان دەکات، دوای پشکنینی ناوەکان ئەگەر پەسەند کران، بانگەشەی هەڵبژاردن بەپێی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن و خشتەی ژووری جموجۆڵەکان لە16ـی 9 دەست پێ دەکات، دەشڵێت: هەندێک ڕێنمایی شارەوانی دهۆکمان پێگەیشتووە بۆ ڕۆژانی بانگەشەی هەڵبژاردن، ڕۆژانی داهاتوو ئەو ڕێنماییانە بۆ لایەنە سیاسییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەنێرن کە پێویستە پابەندی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن بن، دەشڵێت: بانگەشە دەست پێ ناکات تاکوو کۆمیسیۆن بڕیار لەسەر یەکلایی بوونەوەی بەشداریی ئەو بەربژێرانە بۆ هەڵبژاردن دەدات.
گوتی: ئامادەکاریی باش کراون و بەرەو قۆناغی کۆتایی دەچین، داوای لە مێدیاکارانیش کرد، وا لە هاووڵاتییان بکەن کارتی بایۆمەتریی خۆیان وەربگرنەوە، هاوکات بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن.
ئەمڕۆ لە پارێزگای دهۆک 43 بنکەی دەنگدان دەستنیشان کران کەزیاتر لە 600 کەس دەنگی خۆیان دا، بەپێی زانیارییەکان، دوو پرۆسەکەی پێشووی دەنگدانی ئەزموونیی لە پارێزگای دهۆک سەرکەوتووانە بەڕێوە چوون، ئەو ئامارانەی دەستیش کەوتن، دروست بوون و هیچ کێشەیەک لە ئامێرەکان نەبوون.