ئەمریکا پشتیوانیی هێنانە کایەی ژینگەیەک دەکات ڕۆژنامەنووسان ئازادانە کاری تێدا بکەن

کۆبوونەوەی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس لە هەرێمی کوردستان
کۆبوونەوەی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس لە هەرێمی کوردستان

کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لەمیانی کۆکردنەوەی چەند ڕۆژنامەوانێکی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانیی هێنانە کایەی ژینگەیەک دەکات سەرجەم ڕۆژنامەنووسان بتوانن ئازادانە کاری تێدا بکەن.

پێنجشەممە 29ـی ئابی 2024، کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا بڵاوی کردەوە، کیم سترۆلۆ، سەرۆکی بەشی کاروباری گشتیی کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لەگەڵ گروپێک ڕۆژنامەنووسی ژمارەیەک دەزگای ڕاگەیاندنی جیاواز کۆبووەوە بۆ ئاشنابوون بەکارەکانیان، هاوکات  گفتوگۆکردن لەبارەی ئەو ئاڵنگاریانەی دێتە ڕێگەی کارکردنیان.

کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا دەڵێت: ڕۆژنامەنووسان ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە هۆشیارکردنەوەی خەڵک و خستنەڕووی دواپێشهاتەکانی ئەوبابەتانەی پەیوەستن بە ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیانەوە.

دەشڵێت: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پشتیوانیی هێنانە کایەی ژینگەیەک دەکات ڕۆژنامەنووسان بتوانن ئازادانە کاری تێدا بکەن بەبێ بوونی ترس لە هەڕەشە و جیاکاریی و هەراسانکردن، بەجێبەجێکردنی تەواوەتی هەردوو یاسای کاری ڕۆژنامەنووسی و یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاریشەوە.