سەرەڕای ئالنگارییەکان؛ سەرۆکوەزیران بەردەوام بووە لە هەنگاونان بۆ پێشخستنی کەرتی پەروەردە

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وێڕای قەیرانی دارایی، پەتای کۆرۆنا و چەندین ئالنگاریی دیکە؛ بەردەوام بووە لە هەنگاونان بۆ پێشخستنی کەرتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان؛ بۆ ئەم مەبەستەش لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە تا ئێستا دەیان بڕیاری بۆپێشخستنی ئەو کەرتە، دەرکردووە.
دامەزراندن و بە هەمیشەییکردنی دەیان هەزار مامۆستا
یەکێک لە بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کە خزمەت بە کەرتی پەروەردە و فێرکردن دەگەیەنێت و دەیان هەزار کەسی دڵخۆش کردووە؛ دامەزراندنی زیاتر لە 40 هەزار مامۆستای وانەبێژی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بوو بە شێوەی گرێبەستی هەمیشەیی.
ڕێکارەکانی دامەزراندنی 40 هەزار مامۆستای وانەبێژی هەردوو وەزارەتەکە دەستیان پێ کردووە و لە ماوەی یەک هەفتەدا وردبینی لە لیستی ناوەکانیان دەکرێت و بۆ دیوانی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەرز دەکرێنەوە.
بڕیارەکە مامۆستایانی وانەبێژی زۆر دڵخۆش کرد و لەوبارەوە سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرد و گوتیان، "سەرۆکوەزیرانمان سەلماندی خەمخوری کەرتی پەروەردە و فێرکردنە و لە هەمان کاتدا دڵسۆزی مافی مامۆستایانە".
بێجگە لەمە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای کابینەی نۆیەم زیاتر لە پێنج هەزار و 88 مامۆستای گرێبەستی کردە هەمیشەیی. هاوکات 748 مامۆستای پەروەردەی تایبەت لە قوتابخانە حکومییەکان بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت دامەرزراند.
کەمکردنەوەی ڕێژەی نەخوێندەواری
پێش ئەوەی کابینەی نۆیەم دەست بە کار ببێت، ڕێژەی نەخوێندەواری لە ساڵی 2018، سەدا 24 بوو، بەڵام دوای دەستبەکاربوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی پەروەردە توانیویەتی لە ماوەی چوار ساڵدا ڕێژەکە تا ڕادەیەکی زۆر کەم بکاتەوە. بە گوێرەی ئامارەکان، ساڵی 2022، ڕێژەی نەخوێندەواری لە هەرێمی کوردستان بۆ سەدا 16 کەمی کردووە و چاوەڕێ دەکرێت تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵیش زیاتر کەم ببێتەوە.
چاپکردنی کتێبی نوێ بۆ ساڵی نوێی خوێندن
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی نوێی خوێندن (2024-2025)، بە گوژمەی زیاتر لە 24 ملیار دینار، 19 ملیۆن و 768 هەزار کتێبی بۆ هەموو بەشەکانی خوێندنی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی و خوێندنی ئیسلامی) چاپ کردووە.
شێوازی نوێی دیجیتاڵی لە ئامادەکردن و چاپکردنی کتێبەکان بەکار هێنراوە و سەرجەمیان لە ئیمارات چاپ کراون. 57 جۆر لە کتێبەکان بە دیزاین و ناوەڕۆکی نوێیەوە ئامادە و چاپ کراون و دەخرێنە بەردەستی قوتابی و مامۆستایان لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان.
کتێبی نوێ کراونەتە هاوڕێی منداڵ، پێشتر منداڵان حەزیان لە کتێب نەبوو، بەڵام ئێستا بە شێوەیەک ئامادە کراون، قوتابییان حەزیان لە کتێب و خوێندن دەبێت؛ بۆ نموونە کۆدی QR لەسەر کتێبەکان دانراوە ، ئەگەر قوتابی لە وانەیەکیش ئامادە نەبوو، دەتوانێت لە ماڵ بە بەکارهێنانی مۆبایلی دایکی یان باوکی، دووبارە گوێ لە وانەکە بگرێتەوە.
لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ناوەرۆک و دیزاینی 407 کتێب گۆڕدراوە بە هەموو زمانەکانەوە (کوردیی بە هەردوو زاری کرمانجیی خواروو و سەرو، عەرەبی، ئینگلیزی و سریانی).
دروستکردنی ژوور و قوتابخانەی نوێ
بە مەبەستی فراوانکردنی ژێرخانی پەروەردە و نەهێشتنی سیستەمی دوو دەوامی و سێ دەوامی لەنێو قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان؛ کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین ژوور و قوتابخانەی نوێی دروست کردووە و ژمارەیەکی دیکەش لە قۆناغی تەواوکردن دان.
بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2024 – 2025، 42 باڵەخانەی نوێی باخچەی منداڵان و قوتابخانە لە مانگەکانی ئەیلوول و تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دەکەونە خزمەتی قوتابییان؛ بەوپێیەش سیستەمی دوو دەوامی لە زۆرینەی قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان نامێنێت.
لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا بە شێوەیەکی گشتی، زیاتر لە 195 باڵەخانە و 460 ژووری نوێی بۆ کەرتی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان دروستکراون و 1660 قوتابخانە نۆژەنکراوەتەوە؛ لە ئەنجامی ئەمەشدا شوێنی نوێی خوێندن بۆ زیاتر لە 100 هەزار قوتابی لە کەرتی حکوومەتیدا کراوەتەوە.
گەڕاندنەوەی قوتابییانی دابڕاو بەر پرۆسەی خوێندن
گەڕاندنەوەی قوتابییانی دابڕاو بە هەر هۆیەک بەر پرۆسەی خوێندن؛ یەکێک بووە لە ئامانجە سەرەکییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
بە گوێرەی داتاکانی وەزارەتی پەروەردە، لە ماوەی کابینەی نۆیەم، زیاتر لە 26 هەزار کەس لە شارە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان گەڕێندراونەتەوە بەر خوێندن.
ڕاگەیاندنی پلاتفۆرمەکانی تایبەت بە خوێندن
پلاتفۆرمی "کتێبخانە و ڕاهێنان"
وەزارەتی پەروەردە لە سەردەمی کابینەی نۆیەم، پلاتفۆرمی "کتێبخانە و ڕاهێنان" بە مەبەستی ڕاهێنانی مامۆستایان و تۆمارکردنی داتای قوتابخانە حکوومەتی و ناحکوومەتییەکانی هەرێمی کوردستان؛ ڕاگەیاندووە.
بە گوێرەی داتاکانی وەزارەتی پەروەردە، داتای دەیان هەزار مامۆستا و هەزاران قوتابخانەی حکوومەتی و ناحکوومەتی لە پلاتفۆرمی "کتێبخانە و ڕاهێنان" تۆمارکراون و لە پلانی وەزارەتەکەدایە، پەرەی زیاتر بە پلاتفۆرمەکە بدات.
پلاتفۆرمی کتێبخانەی ئەلیکترۆنی (E-ktebxana)
بەمەبەستی زیاتر گرنگیدان بە خوێندنەوە بۆ مامۆستایان و قوتابییان، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پلاتفۆرمی کتێبخانەی ئەلیکترۆنی (E-ktebxana)ـی دامەزراندووە.
پلاتفۆرمەکە بە جۆرێکە کە بەشێوازی چارت و نووسین ژمارەی پەڕە خوێندراو و کتێبە خوێندراوەکان لە هەر مانگێک دەخاتە ڕوو بۆ بەکارهێنەران، هەروەها هەموو مامۆستا و قوتابییەك بە کۆدی تایبەتی خۆی دەتوانێت سوود لە کتێب و بڵاوکراوە پەروەردەییەکان وەربگرێت.
پلاتفۆرمی "ئی- خێزان E-XEZAN"
ئی- خێزان، پلاتفۆرمێکە بۆ خێزانی کوردی بۆ گرنگیدان بە منداڵەکانیان و پەروەردە کردنیان، لە رێگەی گرافیک و نوسین ئەنیمەیشن بۆ رێنوێنکردنیان لەگەڵ منداڵەکانیان، بەهاوبەشی لەگەڵ یونیسێف و فێرگەی برادۆست دروست کراوە.
پلاتفۆرمی ئی باڵەخانە (E-BALAXANA)
پلاتفۆرمەکە بۆ بەدیجیتاڵکردنی ئەو باڵەخانە پەروەردەییانە ئامادە کراوە کە لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دروستکراون یان نۆژەنکراونەتەوە یان فراوان دەکرێن، هەروەها هەموو ئەو زەویانەی تەرخانکراون بۆ پەروەردە لە تەواوی کوردستان بە دیجیتالی دەکات.
بەرزکردنەوەی کوالیتیی خوێندن
لەسەر ئاستی کوالیتی خوێندن، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستەی متمانەبەخشینی لەسەر پێشنیاز و داواکاریی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دامەزراند کە ستانداردی گونجاو دادەنێت بۆ پرۆسە و پرۆگرامی خوێندن لە هەرێمی کوردستان.
پاداشتکردنی مامۆستا و قوتابییان
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، هەر مامۆستایەک زۆرترین قوتابی هان بدات بۆ خوێندنەوە، وەکو مامۆستای هاندەری ساڵ بۆ خوێندنەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و خەڵات دەکرێت.
بە گوێرەی بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە، هەر قوتابییەکیش لەسەر ئاستی قوتابخانە، زۆرترین کتێب بخوێنێتەوە، لەلایەن بەڕێوەبەری قوتابخانەکەییەوە خەڵات دەکرێت.
کوردستان کەوتە سەرنەخشەی هەڵسەنگاندنی سیستمی پەروەردەیی
لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ یەکەمین جار کوردستان کەوتە سەر نەخشەی هەڵسەنگاندنی سیستمی پەروەردەیی لەسەر ئاستی جیهان بە بەشداریکردنی هەڵسەنگاندنەکانی ( تیمس) و (پیسا).
سەرەڕای ئەمەش، لە سەردەمی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، یاسای پەروەردە و رێکخستنەوەی ڕێنمایی و یاساکان دەرچوو. هاوکات ڕێکخستنەوەیەکی باشتر بۆ کەرتی خوێندنی ناحکوومی کراوە.
بەکارهێنانی سیستمی وزەی خۆر بۆ قوتابخانەکان
لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (74) قوتابخانە کارەبای بە سیستمی وزەی خۆر بۆ دابین کراوە، کە 33 قوتابخانەیان لە سەر بودجەی ڕێکخراوی یونسێف بووە.
پەروەردە پلانی داناوە بۆ ئەوەی 72 قوتابخانەی دیکەش دابینکردنی کارەبای بکرێتە وزەی خۆر لە سەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
قوتابییانی ڕزگاربووی دەستی داعش، دەگەڕێنەوە بەر خوێندن
بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا، ڕزگاربووانی شاڵاوی تیرۆرستانی داعش کە ناویان لە لیستی ڕزگاربووان تۆمار کراوە و لە خوێندن دابڕاون، تەواوی ئاسانکارییان بۆ بکرێت تاوەکو دەست بە خوێندن بکەنەوە.
لە چوارچێوەی بڕیاری سەرۆکوەزیران، ئەم فەرمانە وەزارییە دەرکراوە:
1. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەکان خۆیان سەرپەرشتیی لیژنەیەکی تایبەتمەند بکەن بۆ ئەو بوارە، بە تایبەت لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەو پێیەی زۆرینەی ڕزگاربووان لەو سنوورە نیشتەجێن.
2. تەواوی دەسەڵاتەکان بۆ بەدەرکردن لە مەرجەکانی تەمەن، دەبەخشرێتە بەڕێوەبەری گشتیی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەکان بۆ بابەتی ئاماژە پێ کراو بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ڕزگاربووان بۆ سەر خوێندن.
3. هەموو ئەو ڕزگاربووانەی پۆلی 9ـی بنەڕەتییان تەواو کردووە، بەڵام دواتر کەوتوونەتە دەستی داعش، لە خوێندن دابڕاون و دوای ئازادکردنیان تەمەنی یاساییان تێپەڕیوە، بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە، هەموویان لە مەرجەکان دەبەخشرێن و دەتوانن لە هەر پەیمانگەیەکی حکوومی کە بیانەوێت بخوێنن.
4. هەموو ڕزگاربووانی دەستی داعش ئەوانەی ناویان لە لیستی ڕزگاربووان تۆمار کراوە و دەرچوونی پۆلی 9ـی بنەڕەتی بن، مافیان هەیە لە هەموو پەیمانگە ئەهلییەکان بخوێنن بەبێ بەرامبەر بۆ هەر پێنج ساڵی خوێندن.