بکوژی خێزانەکەی شارۆچکەی بێجی دەستگیر کرا

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، تۆمەتباری سەرەکی کوشتنی سەرجەم ئەندامانی خێزانێک لە شارۆچکەی بێجی سنووری پارێزگای سەڵاحەددین دەستگیرکراوە و دانی بە تاوانەکەشی داناوە.
دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە ڕووداوێکی تەمومژاویدا لە شارۆچکەی بێجی سەرجەمی ئەندامانی خێزانێک بە کوژراوی و سووتاوی لە ماڵەکەیاندا دۆزرانەوە، ڕووداوەکە عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراقی هێنایە سەر خەت لێژنەیەکی تایبەتی لە پۆلیسی و دژەتیرۆری پارێزگای سەلاحەددین و هەواڵگری پێکهێناو دوای دوو ڕۆژ توانرا دوو تۆمەتبار دەستگیر بکەن، کە یەکێکیان خزمێکی نزیکی خێزانە کوژراوەکەیە.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارتی ناوخۆدا هاتووە، دزینی خشڵ و زێڕی خێزانەکە هۆکاری تاوانەکە بووە و تۆمەتباری سەرەکیش دانیناوە بە تاوانەکەی، دوای لێکۆڵینەوەکان ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
چوارشەممەی ڕابردوو 28ی ئاب، لە نێو خانووێکدا لە گەڕەکی عەسری نزیک نەخۆشخانەی گشتیی بێجی، تەرمی سێ ئەندامانی خێزانێکی سێ کەسی دۆزرانەوە کە بە چەقۆ کوژرابوون و دواتریش سووتێندرابوون.
لەم مانگەدا ئەمە دووەمین حاڵەتی کوشتنی بە کۆمەڵە، یەکەم حاڵەت کوشتنی پێنج ئەندامی خێزانێک بوو بەغدا کە دواتر تۆمەتباری تاوانەکە لە شارۆچکەی کەحلای باشووری ڕۆژهەڵاتی میسان دەستگیرکرا.