هیوا گهیلانی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جیهانبینییەکی ڕوونی بۆ حکوومڕانی هەیە

K24 – هەولێر:
ئهندامێکی كۆمیتهی ناوهندیی پارتی، دەڵیت: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەڵگری ئامانجی گەورەیە لە حکوومڕانیدا و کابینەکەشی جێگەی متمانەی هاووڵاتییان بووە، هەروەها هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان خستووەتەگەڕ.
هیوا گهیلانی، ئهندامی كۆمیتهی ناوهندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24ـدا، گوتی: مەسرور بارزانی سەرکردەیەکی کارێزما و پێشکەوتنخوازی نەتەوەکەی خۆیەتی و پەروەردەی ڕێبازی بارزانی و سەرۆک بارزانییە، ڕووئیا و جیهانبینی خۆی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، ئەوەش لە بەرنامەی کابینەکەی ڕەنگی داوەتەوە.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی باسی لەوە کرد، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کابینەی نۆیەم توانیویەتی گۆڕانکاری گەورە دروست بکات و هەرێمی کوردستان لە کۆمەڵێک قەیران ڕزگار بکات، هەروەها کاری کردووە بۆ ئەوەی کوردستان بچێتە قۆناغێکی پێشکەوتووتر.
هاوکات دەڵێت: سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرچاوەکانی داهاتی فرەچەشن کردووە و هەمیشە کاری جیددی کردووە بۆ ئەوەی گەندەڵێ نەمێنیت و دژی گەندەڵکاران وەستاوەتەوە.
جەختی لەوە کردەوە، هەموو ئەوانەی دژایەتیی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان دەکەن، چاویان بە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان هەڵنایەت بۆیە دێن دژایەتی کابینەی نۆیەم و خودی جەنابی سەرۆکی حکوومەت دەکەن.
هیوا گهیلانی، گوتی: بۆیە ئەندامانی یەکێتی دژایەتی سەرۆکوەزیران و کابینەکەی دەکەن، چونکە چاکسازیی و پێشکەوتن لە بەرژەوەندیی ئەواندا نییە، هەروەها یەکێتی دەزانێت پارتی لە هەڵبژاردن سەرکەوتوو دەبێت و مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی کابینەی دەیەمیش دەکات بۆیە دژایەتیی دەکات
ناوبراو گوتیشی: هاووڵاتییان دەزانن ئارامی، سەقامگیریی و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان لەسەر دەستی پارتی، سەرکردەکانی پارتی و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەدەست هاتووە. هەروەها "گەنجانی وڵاتی ئێمە ئومێدیان بە حکوومەت و پارتی هەیە کە هەلی کاریان بۆ بڕەخسێنن."
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، دووپاتی کردەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەموو هەوڵێکی خستووەتەگەڕ بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان، کە بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی یەک سەدەی گەلی کوردە.
دەشڵێت: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، زۆر بە جیددی کاری کردووە بۆ ئەوەی شوێنەواری دوو ئیدارەیی لە هەرێمی کوردستان نەمێنێت و هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە یەک چاو سەیر دەکات.