عەلی ڕەشید: 31ی ئاب گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیری و ئاوەدانی بوو بۆ هەولێر
عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە بارەی ئاوەدانییەکانی هەولێر لە دوای 31 ئابی 1996 ڕایگەیاند، ئەو ڕۆژە هەنگاوی گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیری و ئاوەدانی بوو بۆ هەولێر.
عەلی ڕەشید گوتی: لە 31ی ئاب کە گەڕاینەوە، هەولێر شارێکی بچووک بوو زۆرینەی خزمەتگوزارییەکانی نەبوو، تەنانەت شەقامی 100 مەتری پارچەیەکی کورتی دروست کرابوو، شوێنی پارکی شەهید سامی عەبدولڕەحمان، ئەو کات وێرانە و شوێنی کوشتنی خەڵکی بوو، بەڵام ئێستا پارکێکی گەورە وفراوانە و لە سەرتاسەری عێراقەوە خەڵکی بۆ حەسانەوە و بەسەربردنی کاتێکی خۆش سەردانی دەکەن.
گوتیشی: لەو 28 ساڵەی ڕابردوودا نەک هەر شەقامی 100مەتری تەواو کرا، بەڵکو چەندین شەقامی دیکەی سەرەکیی وەک 120 مەتری و 150 مەتری دروستکران و فراوانتر کران، چەندین ناوەندی تەندروستیی و پرۆژەی دیکەی خزمەتگوزارییەکان زیاتر کران و پرۆسەی ئاوەدانی زیاتر ڕووی لە هەولێر کرد و فراوان بوو.
هەروا ئاماژەی دا، ستراتیجییەت و پلانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەو 28 ساڵەدا فاکتەری سەرەکی پەرەپێدان و گەشەپێدانی هەولێر بووە، بۆ ئەمەش خودی سەرۆک بارزانی بەردەوام جەختی لەسەر ئارامی و ئاوەدانی دەکردەوە، لەگەڵ ئەمەشدا کابینە یەک لە دوای یەکەکانی حکوومەت بەردەوام بە پلان و پرۆژەی ئاوەدانی هاتوونەتە سەر کار، بە تایبەت لە کابینەی نۆیەمدا گەشەپێدان بە هەنگاوێکی جیاوازتر بوو، ئەویش دروستکردنی پۆند و بەنداوەکان، شەقامەکان و ڕێگە سەرەکییەکانی نێوان هەولێر و شارەکان هەموو ئەمانە پرۆژەی ستراتیجی و خزمەتگوازرین و فاکتەرن بۆ بەهێزی پێگەی سیاسی و ئابووری هەولێر بە چەسپاوی.
سەرۆکیی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت: ئەو دزی و ڕاوە ڕووتەی بەر لە 31ی ئابی 1996 لە هەولێر هەبوو، لە دوای ئەو بەروارە کۆتاییان پێهێنراو و ئێستا ئاسایش و سەقامگیرییەکی جۆریی لە هەولێر هەیە، نە کەس ئۆتۆمبیلەکەی لە ترسی دزین لە سەربان دادەنێت، نە کەس تایەکانی ئۆتۆمبێلەکەی بە زنجیر دەبەستێتەوە، نە کەس لەسەر کیسەی ڕەشی نایلۆن دەکوژرێت، بەڵکو ئێستا سەقامگیری و ئارامی بەجۆرێکە لەسەر شەقام ئاڵوگۆڕی دراو دەکرێت.
ڕاشیگەیاند، 16ی ئابی 1996 گەڕاندنەوەی شکۆمەندی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان بوو لە "حوجرەی مزگەوت" و "مەیدانی ئاژەڵان" بۆ نێو تەلاری پەرلەمانی کوردستان.