ئایدن مەعروف: هەولێر لە ڕووی پێشکەوتنەوە 20 ساڵ لەپێش شارەکانی دیکەی عێراقە
ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەولێر شارێکی گرنگە بۆ پێکەوە ژیانی نەتەوەکان و ئاینە جیاوازەکان، هەروەها ئەو گۆڕانانەی ڕۆژ بەڕۆژ لە هەولێر دەکرێن وەکو پێشوەچوون لە ڕووی سیاسی، ئەمنی، وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری، زۆر گرنگن.
ئاماژەی بەوەش کرد "ئەگەر لەگەڵ ڕابردوو بەراوردی بکەین، هەولێر ناوەندێکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە، بۆیە بووەتە جێگەی شانازی بۆ خەڵکی هەولێر، هەروەها پێکەوە ژیانی پێکهاتەکان و ئەمن و ئاسایشی هەولێر زیاتر لەلایەن ئەوانەوە هەستی پێ دەکرێت کە لەدەرەوەی ئەم شارەوە دێن".
ئایدن مەعروف باسی لەوەش کرد "حکوومەتی هەرێم ڕۆلێکی گرنگی هەوبووە لە هاوکاریکردنی ئەو پێکەوە ژیانەی لەو شارە هەیە، بۆیە دەبێت بە هەموو لایەکمان پارێزگاری لە شاری هەولێر بکەین، هەروەها ئەو گۆڕانانەی ڕوویانداوە لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەولێر و پێکهاتەکاندا بووە".
دەشڵێت: لە ڕابردوودا بەشێک لەلایەن سیاسییەکان دژی کۆتاکان کاریان کردووە، ئەمەش کاریگەریی خراپی لەسەر دۆخی پێکهاتەکان هەبوو، هەروەها دژی مافەکانیان بوو، دیار بوو ئەو لایەن سیاسیانە بۆ بەرژەوەندی خۆیان کاریان کرد، ئاماژەی بەوەش دا، لەکەرکووکیش بەبێ پێکهاتەی تورکمان حکوومەتی خۆجێی لەو شارە پێک هێنرا، ئەوەش هەڵەیەک بوو دژی مافەکانی تورکمان لە کەرکووک.
وەزیرەکەی هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان دەشڵێت: ئەوانەی بۆ وەبەرهێنان یان بازرگانی دێنە هەولێر دەبینن ئەو شارە لەگەڵ شارەکانی دیکەی عێراق جیاوازیەکی زۆری هەیە، لە ڕووی پێشکەوتنەوە هەولێر 20 ساڵ لەپێش شارەکانی دیکەی عێراقەوەیە.