دانیشتووانی شاری زێڕین داوا لە حکوومەت دەکەن بەدەم داواکەیانەوە بێن

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چارە بۆ کێشەکانی شاری زێڕین دەدۆزێتەوە، دوای ئەوەی ماوەیەکە بە دەست چەندان کێشەوە گرفتارن.

هاووڵاتییەک بە کوردستان24 دەڵێت: شوێنە گشتییەکان کراوە بە باڵەخانە. ئۆتۆمبیلی خۆڵ 10 ڕۆژ جارێک دێت، بوونی ئەو خۆڵ و خاشاکە لەم وەرزی گەرمایەدا نەخۆشی بۆسەر ژیانمان دروست دەکات. لە ساڵی 2013 من لەم شاری زێڕینە نیشتەجێم تەنیا ئەمساڵ گرفتی ئاومان چارە بووە، ئەویش بەهۆی مووەلیدەکانەوە.

ھاووڵاتییەکی دیکە دەڵێت: لە 27/10/2023وە خاوەن پرۆژەکە لە بەردەم 20 نوێنەری دانیشتوانی زێڕین مۆری کرد، کە داواکارییەکان جێبەجێ دەکات، یەکێکیش لەوان دروستکردنی شەقامی سەرەکیی شاری زێڕین و فیدەری کارەبای حکوومەتییە، کارەبای شاری زێڕین فیدەری هەشتی مەلا ئۆمەر و فیدەری پیرزینە.

هاووڵاتییەکی دیکە دەڵێت: داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم، کێشەی شاری زێڕین چارە کەن، لەبەر ئەوەی ئێمە کەسمان نییە جگە لە حکوومەت.

لای خۆیەوە سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر ئاماژەی بەوە دا، دوای ئەوەی شەش مانگ مۆڵەت بە وەبەرهێنەرەکان دراوە بۆ ئەوەی کەموکووڕییەکان چارە بکات، لەسەر ئەو کەموکووڕییانەی لە شاری زێڕین هەبوون، دۆسییەکەی لە دادگای عەنکاوە لە ڕێگەی داواکاری گشتییەوە سکاڵا تۆمار کراوە و هەموو ڕێکارییەکی یاساییشی بەرامبەر ئەو وەبەرهێنەرە و وەبەرهێنەرەکانی دیکەی کەمتەرخەم دەگرینە بەر.

کێشەی کارەبا و شەقامی ناو پڕۆژەکە لەلایەن حکوومەتەوە چارە دەکرێت، بەڕێوەبردنی خزمەتگوزاریەکانی تریش دراوە بە کۆمپانیایەکی نوێ و بۆ ئەوەی لە زوترین کاتدا بایەخی پێ بدرێت و ئەو تەجاوزانەی لە ناو شارەکەدا کراوە لا دەبرێت.