لەبارەی پارەی تواناسازی وەزارەتی خوێندنی باڵا راگەیاندراوێك بڵاودەكاتەوە
K24 – ھەولێر
لە راگەیاندراوێكدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی دەربڕیووە لەمەودوا مانگانە زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار بۆ شایستە داراییەكانی خوێندكارانی تواناسازی خەرج بكرێت.
لە راگەیاندراوەكەدا ھاتووە: "هەر کاتێک ئەو بڕە پارەیە خرایە سەر حیساب، راستەوخۆ لیستى نوێى ئەو خوێندکارانە بڵاو دەکەینەوە، کە بەپێى ڕیزبەندى شایستە ترن بۆ ئەوەى پارەیان بۆ خەرج بکرێ".
دەقی راگەیاندراوەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا
مانگانە شایستە داراییەکانى خوێندکارانى تواناسازی خەرج دەکرێت
لە چوارچێوەى هەوڵە بەردەوامەکانى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ستافى بەرنامەی تواناسازی لە وەزارەت و ئەنجومەنى وەزیران بەهاوکارى وەزارەتى دارایى و ئابورى، سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران ڕەزامەندى نیشانداوە لەسەر دابینکردنى شایستە داراییەکانى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى.
بەپێى دواین بڕیارى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران، بۆ لەمەودا، مانگانە بڕى (500,000$) نیو میلۆن دۆلار بۆ شایستە داراییەکانى خوێندکارانى تواناسازى خەرج دەکرێ، بۆیە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى ئاگادار دەکات، هەر کاتێک ئەو بڕە پارەیە خرایە سەر حیساب، ڕاستەوخۆ لیستى نوێى ئەو خوێندکارانە بڵاو دەکەینەوە، کە بەپێى ڕیزبەندى شایستە ترن بۆ ئەوەى پارەیان بۆ خەرج بکرێ.