عەلی ڕەشید: ئەو سەربازگەیەی لە هەولێر کرابووە مۆڵگەی کوشتن ئێمە کردمانە پارک

عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر
عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت: دوای 31ـی ئاب، ئەو سەربازگەیەی کرابووە مۆڵگەی تاڵانکردن و کوشتنی خەڵکی، ئێمە دوای 1996 کردمانە پارکی شەهید سامی عەبدولڕەحمان، دەیان شەقام و ئەڤەرپاس و ئەندەرپاس و قوتابخانە و نەخۆشخانە و پارک و هەزاران شوێنی نیشتەجێبوونمان دروستکرد.

شەممە 31ـی ئابی 2024، عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بۆ کوردستان24 گوتی: ساڵی 1996 کە هاتینەوە هەولێر، هاتینەوە سەر هەولێرێکی وێران و گوندێکی گەورە، تەنانەت شەقامی 100 مەتری بەشێکی بچووکی لێ هەبوو، لە ڕێگەی شەقڵاوە تاکو ڕێگەی کەرکووک، هەولێر شەقامی 100 مەتری کرا، 60 مەتریش کۆمەڵێک ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاسی بۆ کرا، شەقامی 100  مەتری کۆمەڵێک ئوڤەرپاس و ئەندەرپاسی تێدا کرا، هەروەها شەقامی 120 مەتری و شەقامی 150 مەتری کە نێوەندییان بووەتە شوێنی نیشتەجێبوون و قوتابخانە و نەخۆشخانە و سەوزایی و خزمەتگوزارییەکانی دیکە.

عەلی ڕەشید دەڵێت: سەربازگەی هەولێر لە سەردەمی ڕژێمی پێشوو کە بەر لە 1996 کرابووە مۆڵگەی خەڵک کوشتن و تاڵانکردن و ڕووتاندنەوەی خەڵکی، ئێستا پارکی سامی عەبدولڕەحمانمان لێ دروستکردووە.

دوای چەند ساڵێک لە وێرانکردن و دزیی و تاڵانکردن و خەڵک کوشتن، ساڵی 1996 بە ئازادکردنەوەی هەولێر لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، ئارامی و ئاسایش و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتییان گەڕایەوە.