یونیسێف ڤاکسینی ئاوڵەی مەیموون بەرهەم دە‌هێنێت

سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان "یونیسێف" تەندەرێکی بەپەلەی بۆ بەدەستهێنانی ڤاکسینی دژ بە نەخۆشیی "Empcus " ئاوڵەی مەیموون ڕاگەیاند، ئەوەش بۆ یارمەتیدانی ئەو وڵاتانەی ئەم پەتایەی بەم دواییەدا تێدا بڵاو بووەنەتەوە.

یونیسێف لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و هاوپەیمانی ڤاکسینی GAVI و سەنتەری ئەفریقا بۆ کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان ڕایگەیاند، ئامانجی تەندەرە فریاگوزارییەکە دەستەبەرکردنی دەستبەجێی دەستڕاگەیشتن بە ڤاکسینە بەردەستەکانی Empcus و فراوانکردنی بەرهەمهێنانە.

ئاماژەی بەوەش کردووە "بەپێی خواست و توانای بەرهەمهێنانی بەرهەمهێنەران و دارایی، دەتوانرێت ڕێککەوتنەکان بۆ 12 ملیۆن ژەم تا ساڵی 2025 دابڕێژرێت، هەروەها بەپێی تەندەرەکە، یونیسێف بەنیازە ڕێککەوتنیی دابینکردنی مەرجدار لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی ڤاکسین بکات".

ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەوە ڕێگە بە یونیسێف دەدات بەبێ دواکەوتن ڤاکسینەکان دابین بکات و ڕەوانەی وڵاتان بکات.

هەروەها Empcus کە پێی دەگوترێ ئاوڵەی مەیموون، بەهۆی ڤایرۆسێکەوە دروست دەبێت کە لە ئاژەڵە تووشبووەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، لەگەڵ ئەوەش دا، دەتوانرێت لە ڕێگەی بەرکەوتنەوە لەنێوان مرۆڤدا بگوازرێتەوە.

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە 14ـی ئابدا Empcus  وەک حاڵەتێکی نائاسایی تەندروستیی جیهانی ڕاگەیاند، ئەمەش لە کاتێکدا کە ترسی زیادبوونی حاڵەتەکانی جۆرێکی نوێی بە ناوی "کلاید 1 بی" لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ هەیە و لە وڵاتانی دراوسێدا بڵاوبووەتەوە.

لەم ساڵدا زیاتر لە 18 هەزار حاڵەتی گومانلێکراو لە کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی تۆمارکراوە و 629 کەسیش مردون.

Fly Erbil Advertisment