حەماس: بەشێک لە بارمتە کوژراوەکان ناویان لە لیسی ئازادکراوەکاندا بوو

سەکردەیەکی حەماس ڕایگەیاندووە، چەند کەسێک لەو بارمتانەی لە تونێلەکەی شاری ڕەفەح دۆزراونەتەوە، ناویان لەو لیستەدا بووە کە لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئاگربەست بڕیاری ئازادکردنیان درابوو، ناتانیاهۆش هەڕەشە دەکات و ڕایدەگەیەنێت "دەبێت حەماس باجێکی قورس بدات".
سەرکردەکەی حەماس کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە: چەند کەسێک لە بارمتە کوژراوەکان، ناویان لە لیستی ئەو کەسانە بووە کە حەماس پەسەندی کردبوو لەگەڵ ئاگربەست ئازادیان بکات، لە نێویاندا گۆلد بێرگ پۆلین جوی بە ڕەچەڵەک ئەمەریکشی تێدا بووە.
بە گوتەی سەرکردەکەی حەماس، بارمتەکان بەهۆی بۆمبارانەکانی سوپای ئیسرائیل کوژراون، بەڵام ئیسرائیل نکۆڵی لە ڕاستییەکان دەکات.
لەلایەکی دیکەوە گوتەبێژ بە ناوی سوپای ئیسرائیل، نەداڤ شۆشانی ڕایگەیاندووە، بە گوێرە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە، بارمتەکان لەلایەن چەکدارانی حەماس بە شێوەیەکی دڕندانە کوژراون، چونکە لە نزیک تونێلەکەدا هیچ پێکدادانێک ڕووی نەداوە.
هەروەها ئاماژەی داوە، تەرمی بارمتەکان بە دووری نزیکەی یەک کیلۆمەتر لەو تونێلەی بارمتەیەکی دیکە بەناوی قاید قازی بە زیندوویی ڕزگار کرا، دۆزراونەتەوە.
هەر لە بارەی دۆزینەوەی شەش بارمتەکە بە کوژراوی، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی کردووە کە حەماس باجەکەی بە قورسی دەدات.
ناتانیاهۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕاگەیاندووە "هەرکەسێک بارمتەکان بکوژێت نایەوێت ڕێکەوتن بکات، هەربۆیە ڕاوەدووی چەکدارانی حەماس دەدەین و دەستگیریتان دەکەین و دەبێت باجەکەشی بدەن".