بەهای هەر ئەمپێرێکی کارەبای موەلیدەی گەڕەکەکان لە دهۆک کەمکرایەوە
بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی هاووڵاتییان، پارێزگای دهۆک بڕیار دەدات بەهای هەر ئەمپێرێکی کارەبای موەلیدەی گەڕەکەکان کەمبکرێتەوە.
یەکشەممە1ـی ئەیلوولی 2024، عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک بە ئامادەبوونی دکتۆر نەوزاد عەبدولڵا بەرپرسی لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک و قایمقامی دهۆک، لەگەڵ لێژنەی موەلیدەکان لە پارێزگای دهۆک کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوی ئەو پارێزگایە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بەرنامەی کارکردنی موەلیدەکانی کارەبا و کاتژمێرەکانی کارکردنیان کرا، لەگەڵ ئەو کێشە و گرفتانەی دێنە بەردەمیان، لەگەڵ بەهای هەر ئەمپێرێکی کارەبا.
وەک پارێزگاکە ڕایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەدا بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی هاووڵاتییان، ىریاردا بەهای هەر ئەمپێرێکی کارەبا بۆ مانگی ئاب کە بە 17.500 دینار دەستنیشانکرابوو، کەمبکرێتەوە بۆ 16.500 دینار، هاوکات لێژنەی ناوبراو ڕاسپێردرا بەشێوەیەکی ورد چاودێریی موەلیدەکانی پارێزگای دهۆک بکەن.