نوێنەری جوتیاران لە بەغدا: شاخەوان عەبدولڵا پێی گوتین ئەمشەو 500 ملیار دینار دێتە سەر هەژمارتان
نوێنەری جووتیاران لە بەغدا ئاشکرای دەکەن، وەزیری بازرگانیی لە بەغدا پێی گوتوون، دینارێکمان لا نییە پێتان بدەین، دەشڵێن، شاخەوان عەبدولڵا پێی گوتوون: ئەمشەو 500 ملیار دینار دێتە سەر هەژمارتان.
یەکشەممە 1ـی ئابی 2024، میران حاجی، یەک لەو جووتیارانەی بە نوێنەرایەتی جووتیارامی کورد چوونەتە بەغدا بۆ کوردستان24 گوتی: لەگەڵ وەزیری بازرگانی عێراق کۆبووینەوە و هیچ مووژدەیەکی خۆشی پێنەداین، پێی گوتین: بابەتەکە لای سەرۆکوەزیرانە و من دینارێکم نییە پێتانی بدەم.
میران حاجی گوتیشی: لەگەڵ شاخەوان عەبدولڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوەتەوە و بەڵێنی پێداون کە ئەمشەو لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی قسە دەکات لەسەر پرسی شایستە داراییەکانی جووتیاران، شاخەوان عەبدوڵڵا پێشیانی گوتووە کە ئەمشەو نەچنەوە تا قسە لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی دەکا و ئەو 500 ملیار دینارە دەخاتە سەر هەژماریان کە شایستەی دارایی گەنمی خۆیانە، بۆ ئەوەی بە دڵخۆشی بگەڕێنەوە کوردستان.
جووتیاران هاتنە بەردەم وەزارەتی بازرگانیی عێراق، یەک لە جووتیاران بۆ کوردستان24 گوتی: ئێمە 100 جووتیارین بە نوێنەرایەتی سەد هەزار جووتیاری کوردستان، داوای کرد کە جووتیارانی هەولێر بێنە بەغدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەردوو وەزیری بازرگانی و کشتوکاڵ ڕابسپێرێت بۆ ئەوەی بێنە بەغدا و داکۆکی لە مافی جووتیارانی کورد بکەن، دەشڵێت: تا کێشەکەمان چارەسەر نەبێت ناگەڕێینەوە.
جووتیارێکی دیکە دەڵێت: وەزیری بازرگانی عێراق پێیانی گووتووە کە پارەکەی ئەوان بۆ شارەکانی دیکەی عێراق خەرج کراوە، بڕیاڕە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق جارێکی دیکە قسە بکرێت بۆ ئەوەی پارەیان بۆ دابین بکرێت.
دەشڵێن: پێیانی گوتووە کە بڕیاڕە ڕۆژی سێشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ئەو بابەتە دەخەنە ڕوو بۆ ئەوەی سەدا پەنجای پارەکەیان بۆ دابین بکرێت، بەڵام جووتیاران بەوە ڕازی نین.