زیاتر لە 24 کاتژمێرە ئاگر لە چیای ئاوەگرد بەردەوامە و سەدان داری بەتەمەنی سووتاندووە

ئاگری چیای ئاوەگرد
ئاگری چیای ئاوەگرد

زیاتر لە 24 کاتژمێرە ئاگر لە چیای ئاوەگرد و گوندەکانی سماقوڵی و دەورووبەری جەلی و سناوە و نازەنین کەوتوەتەوە، زیانێکی ژینگەیی گەورەی خستوەتەوە، بەهۆی مین لە چیاکە، تیمەکانی ئاگر کوژێنەوە ناتوانن بەرەو چیاکە بچن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە.

لە دوای نیوەڕۆی دوێنێوە ئاگرێکی گەورە لە شاخی ئاوەگرد لە سنووری سماقوڵی کەوتەوە، دواتر تەشەنەی کرد بۆ گوندەکانی دەورووبەری سماقوڵی بەرەو بەرزایی چیای ئاوەگرد ئاگرەکە هەڵکشا، خەڵکی گوندەکە هەوڵیاندا ئاگرەکە نەگاتە نێو گوندی سماقوڵی، لەبەر ئەوەی چیاکە مین ڕێژکراوە لەسەردەمی پێشووی ڕژێمی عێراق، تیمەکانی بەرگریی و شارستانی و گوندنشینان ناتوانن بچنە سەر چیاکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە.

ئاگرەکە لە چیای ئاوەگرد تەشەنەی سەندووە، بێ ئەوەی هیچ  کەسێک بتوانێت بچێت ئاگرەکە بکوژێنێتەوە، تەواوی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و خەڵکی گوندەکان و هێزە ئەمنییەکانیش لە ئامادەباشیدان بۆ ئەوەی ڕێگە لە تەشەنەکردنی ئاگرەکە بکەن بۆ ئەوەی نەگاتە سناوە و نازەنین و جەلی، چونکە تا ئێستا ئاگرەکە لە بەرزایی ماوەتەوە، ئەوەی دەسووتێت، پوش و پاوان و دارێکی زۆرە کە لە ناوچەکەدا هەیە،  لەگەڵ ئەوەی چەندین ساڵە هەوڵدراوە پارێزگاری لە بڕین و فەوتاندیان بکرێت، بەڵام ئاگرەکە کەوتوەتە ناویان.

هۆکاری ئاگر کەوتنەوەکە تا ئێستا نەزانراوە، بەڵام کزە بایەک هەیە و هاوکارە لە تەشەسەندنی ئاگرەکە، بەڕێوەبەری بنکەی بەرگریی شارستانیی سکتان ئاشکرای کردووە کە، لە ئێستادا ناتوانن هیچ هەوڵێک بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بدەن بەهۆی ئەوەی چیاکە مین ڕێژکراوە، بەڵام دەتوانن ڕێگریی بکەن لەوەی ئاگرەکە بگاتە نێو گوند و ئاواییەکان.

هەر چەند کاری زۆر بۆ هەڵگرتنەوەی مینەکان کراوە، بەڵام هێشتا مەترسیی مین لە چیاکە هەیە، دوێنێ شەویش دەنگی دوو تەقینەوە لە چیاکە بیستراوە، چیاکە داری تێدایە تەمەنی 100 ساڵە.