وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دەنگۆیەک رەت دەکاتەوە

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا سەرلەبەری ئەو دەنگۆ و لێدوانانەی رەتکردەوە کە بە ناوی وەزیری ئاوەدانکردنەوەوە سەبارەت بە "وەرگرتنی پارەی رێگاوبان" بڵاوکراونەتەوە؛ هاوکات هۆشداری دەدات کە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو پەیج و میدیایانە دەگرنە بەر کە هەواڵی چەواشەکارانەیان بڵاوکردووەتەوە.

یەکشەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2026، راگەیاندنی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا بۆ رای گشتی، ئاماژەی بەوە کرد کە لە بەشێک لە میدیاکان و پەیجەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک لێدوانێکی هەڵبەستراو بە ناوی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بڵاوکراوەتەوە دەربارەی پرسی وەرگرتنی پارەی رێگاوبان.

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە جەخت دەکاتەوە: "لە رێی ئەم روونکردنەوەیەوە رایدەگەیەنین؛ ئەوەی بڵاوکراوەتەوە سەرلەبەری ناڕاست و دروستکراوە و مەبەست لێی چەواشەکارییە."

لە روونکردنەوەکەدا، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دووپاتی کردووەتەوە کە بە مافی یاسایی خۆی دەزانێت لە پێناو خستنەڕووی راستییەکان، رێکاری توندی یاسایی بەرامبەر سەرجەم ئەو دەزگایانەی راگەیاندن و پەیجانە بگرێتە بەر کە دەستیان هەبووە لە داڕشتن و بڵاوکردنەوەی ئەم زانیارییە ناڕاست و هەڵبەستراوانەدا.