سربیا داوای ئاوی هەرێمی کوردستان دەکات

هاوینەهاواری بێخاڵ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران
هاوینەهاواری بێخاڵ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران

ئاوی کانیاوەکانی هەرێمی کوردستان، ئاوێکی شیرین و سازگارە، بە گوتەی پسپۆرانی بواری ئاو، بەهۆی هەبوونی کانزاکانەوە باشترین ئاوە بۆ خواردنەوە، دوای پشکنینی ئاوەکە ئەوە پشتڕاستکراوەتەوە، ئاوی بێخاڵ کە ئاوێکی پاک و سازگارە، بۆ خواردنەوە لەلایەن چەندین وڵاتەوە داواکراوە.

بێخاڵ، جگەلەوەی ناوچەیەکی گەشتیارییە، لە هەمان کاتدا سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی دانیشتووانی ناوچەکە، لەڕێگەی دانانی بۆری ئاوی تایبەت، ئاوی شیرینی بێخاڵ دەگاتە خەڵکی دەڤەرەکە، وڵاتی سربیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە داوای ئاوی سازگار و شیرینی هەرێمی کوردستان دەکات.

لە تاقیگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی سۆران بەچەند ڕێکارێکی زانستی پشکنینی تایبەت بۆ ئاوی بێخاڵ دەکرێت و دڵنیایی تەواویش دەدرێت لە کوالێتی ئاوەکە.

محەمەد حەسۆ، بەڕێوەبەری تاقیگەی گشتی سۆران گوتی: ئاوی بێخاڵ سازگارە و شیاوی خواردنەوەیە، پشکنینی کیمیایی بۆ ئاوەکە دەکەین بۆ ئەوەی بزانین پێکهاتەکانی ئەو ئاوە هیچ نەخۆشییەک دروست دەکات، نەوەک بێخاڵ، زۆرینەی ئاوی کوردستان بەگشتی سازگارن و کوالێتی باشیان هەیە، پێکهاتەکانی تەواوە وەکو کالیسیۆم و کلۆر و مەگنیسیۆم.

شارەزایەکی بواری ئاویش باسی ئاوی کانیاوەکان و ژێر زەوی کوردستان دەکات و لەو باوەڕەدایە دەتوانین سوودی لێ وەرگرین و ئاوی سازگاری کوردستان هەناردەی دەرەوە بکەین.

شێروان شەریف شارەزای بواری ئاو : لەزۆر شوێن دەتوانرێت ڕاستەوخۆ  ئاوەکە لە بوتڵ بکرێت تەنها هەندێک چارەسەریی کەمی بۆ بکرێت بە نموونەی ئەو قوڕ و لیتەی کەلەنێویدا هەیە و ڕێژەیەکی زۆر کەمە و بەچاو نابینرێت.

کوردستان بەهۆی بوونی سەدان کانیاو و ئاوی ژێر زەوی، یەکێکە لەو شوێنانەی دەوڵەمەندە بە سامانی ئاو، بە گوتەی شارەزایانی بوارەکەش، دەکرێ سوود لە سامانی سرووشتی و ئەزموونی وڵاتان وەربگرێت.