سەرکەوت کاڕەش: لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 77 کەس لە هەرێمی کوردستان لە ئاودا خنکاون

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 77 کەس لە هەرێمی کوردستان خنکاون لە بەرامبەر بە ساڵی پار ئەو ڕێژە زیادی کردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2024، موقەدەم سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاکوو ئێستە 77 هاووڵاتیی لە هەرێمی کوردستان خنکاون، بە بەرامبەر بە ساڵی ڕابردوو ڕێژەی خنکان زیادی کردووە.
ئەو گوتەبێژە دەڵێت: بەشێک لەو خنکاوانە دانیشتووی هەرێمی کوردستان بوون و بەشێکی دیکەشیان گەشتیار و سەردانکەر بوون. ڕوونیشی کردەوە، زۆرترین ژمارەی قوربانیانی خنکان، لە سنووری شاری هەولێر و ئیدارە سەربەخۆکانی دیکەن، تۆمار کراون.
دەشڵێت: لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 17 هاووڵاتی لە سنووری پارێزگای هەولێر، 11 سلێمانی، 12 سۆران، ئەوانی دیکەش لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆکانی دیکەن.
سەرکەوت کاڕەش ڕاشیگەیاند، تیمەکانمان 152 کەسییان لە تەواوی هەرێمی کوردستان لە خنکان ڕزگار کردووە.
ساڵی 2023، لە تەواوی هەرێمی کوردستان 61 هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان خنکاون، 10 هاووڵاتی لە سنووری پارێزگای هەولێر، 10 سلێمانی، 10 دهۆک، یەک هەڵەبجە، سێ گەرمیان، 12 ڕاپەرین، شەش سۆران و نۆ هاووڵاتیش لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە ئاودا خنکاون.