بوڵتەنی عەرەبی: وەبەرهێنانی کوردستان گەیشتە 68 ملیار دۆلار و هەولێر سەدا 61ـی لەو ڕێژەیە بەرکەوتووە

کوردستان24 بەردەوامە لە پێشکەشکردنی بوڵتەنی عەرەبی خۆی لەڕێگەی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی، بە ئامانجی ڕووماڵکردنی هەواڵەکانی هەرێمی کوردستان و گەیاندنی بە جەماوەری عەرەبی بە پرۆفیشناڵی و ڕاستگۆیی و وردیی.

بەشی عەرەبی ڕۆژی دووشەممە 2ـی ئەیلوولی 2024، کاتژمێر 9ـی شەو هەواڵەکانی نیوەی هەفتەی بە زمانی عەرەبی پێشکەش کرد کە تیشکی خستە سەر بابەتی کەمبوونەوەی ڕێژەی نەخوێندەواری لە هەرێمی کوردستان بۆ سەدا 16 لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا.

هاوکات تیشکی خستە سەر بڕیاری کۆمەڵەی کێلگە پەلەوەرییەکان لە هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو سکاڵا یاساییەی کە دەیانەوێت پیشکەشی دادگای فیدراڵیی بکەن بەهۆی ئەو ڕێگریانەی لێیان دەکرێت بۆ گەیاندنی بەرهەمەکانیان بە پارێزگاکانی عێراق.

دۆسێی هەواڵەکانیش ئاماژەی بە لێدوانی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان کردووە کە دەڵێت:  لەماوەی 17 ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە زیاتر لە 68 ملیار دۆلار، هەر لەسەر ئەو پرسە هاوکارانمان فەرید ئیدوار و مەروە ئەلسەوادی میوانداریی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان محەمەد شوکریان کردووە کە لە دیمانەکەدا تیشکی خستووەتە سەر ئەو کەرتانەی زۆرترین وەبەرهێنانیان تێدا دەکرێت، هاوکات ئەو دەرفەتانەی کە ئێستا بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان هەن، لەگەڵ ئەو ئاسانکارییەی پێشکەشی وەبەرهێنەران دەکرێت، سەرباری ئەو ئالەنگارییانەی  ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لەگەڵ چارەسەرییەکان، محەمەد شوکری باسی پلانی ئایندە دەکات بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەری زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان.

بوڵتەنی هەواڵەکانی عەرەبی، باس لە فراوانبوونی پرۆژەکانی ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان دەکات لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، لەپێناو پشتیوانی کردنی جووتیاران و دروستکردنی ژێرخانێکی بەهێزی بەرهەمهێنانی گەنم.

بوڵتەنەکە گەنگەشەی دۆسێی ئاوارەکان و کێشە هەڵواسراوەکانیان لە شنگال دەکات کە وای کردووە هەزاران ئاوارە لە کەمپەکان و دەرەوە لەنێو هەرێمی کوردستاندا بژین.

بوڵتەنی عەرەبی کوردستان24، ئاماژە بە شاری موسڵ دەکات کە بە کارەساتە یەک لە دوای یەکەکانی دەناڵێنێت، هەروەها ئاماژە بە کێشەی پاشماوەکانی جەنگ دەکات تایبەت بە پرسی نزیکەی دوو هەزار و پێنج سەد کیلۆمەتر لە خاکی ئەو شارە و کەمبوونەوەی حاڵەتەکانی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بەهۆی ئەو کێشانەوە.

بوڵتەنی عەرەبی تیشک دەخاتە سەر ئەوەی، دوای حەوت ساڵ لە شکستی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق، شانەکانی داعش هەوڵی سەرهەڵدانەوە دەدەن، لەلایەکی دیکەوە هێزە عێراقییەکان بە وریاییەوە ڕووبەڕووی ئەو جموجۆڵانە دەبنەوە بەتایبەتی لەپارێزگای ئەنبار کە لەماوەی هەفتەیەکدا سەد ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەدژی ئەو ڕێکخراوە ئەنجامدراوە.

لە بەغداوەش، بوڵتەنەکە تیشک دەخاتە سەر سەنتەرێکی چاکسازیی کۆمەڵایەتی کە هەزاران نەخۆش وەردەگرێت لە بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان، لە کاتێکدا عێراقییەکان داوای بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەکەن بۆ پاراستنی منداڵەکانیان.

Fly Erbil Advertisment