کونسوڵی بەریتانیا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ چاودێریی کردنی هەڵبژاردنی کوردستان دووپات دەکاتەوە
پارێزگاری دهۆک و کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر، دووپات لە هەڵبژاردنێکی شارستانیی و دیموکراسیانە دەکەنەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان، کونسوڵی بەریتانیاش پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ چاودێریی کردنی هەڵبژاردنی کوردستان دووپات کردەوە.
دووشەممە 2ـی ئەیلوولی 2024، عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک پێشوازیی لە ئاندرۆ بیزلى کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی پارێزگای دهۆک، عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک و ئاندرۆ بیزلى کونسوڵی گشتی بەریتانیا گفتوگۆی بارودۆخی دەڤەرەکە کرا لەڕووی ئاسایش و ئاوەدانی و پێکەوەژیانی پێکهاتە و نەتەوە و ئاینەکان.
لە تەوەرێکی دیکەشدا باسی پرۆسەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و گرنگیی ئەمجامدانی پرۆسەکە کردەوە کە پرۆسەیەکی شارستانی و دیموکراسی بێت، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن.
کونسوڵی گشتی بەریتانیا خۆشخاڵی خۆی بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نیشاندا و ئومێدی کرد هەڵبژاردنێکی بێگەرد و دیموکراسی و ئارام ئەنجام بدرێت ، هاوکات پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ چاودێریی کردنی پرۆسەکە دووپات کردەوە و هیوای خواست هەموو لایەنەکان لە هەڵبژاردنەکە سەرکەوتوو بن.
لەلای خۆیەوە پارێزگاری دهۆک دووپاتی کردەوە کە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەت بە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەدات، گوتیشی: کارگێڕی پارێزگای دهۆک تەواوی ئامادەکارییەکانی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن کردووە بۆ ئەوەی بەشێوەی ئازاد و ئارام و دیموکراسی ئەنجام بدرێت و ڕووێکی شارستانی نیشانی چاودێرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی بدرێت.