بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات، زیاتر لە یەک ملیۆن دۆنم زەوی بە بیابان بووە

بەم دواییانە زیاتر لە یەک ملیۆن دۆنم زەوی لە سنووری بەغدا و پارێزگاکانی موسەننا و ئەنبار و کەربەلا و بابل کەوتوونەتە ژێر کاریگەری بە بیابانبوون، کە لە ماوەی 28 ساڵدا ئاستی ئاوی ڕووباری فورات لە 30 ملیار مەتر سێجا بۆ نۆ ملیار مەتر سێجا و ئاستی ئاوی دیجلە لە زیاتر لە 20 ملیار مەتر سێجا بۆ نۆ ملیار مەتر سێجا دابەزیووە.

عەلی عەبود، کە پسپۆڕێکی بواری ژینگەیە ڕایدەگەیەنێت، سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لە تورکیا و ئێران و سووریاوە هەڵدەقوڵێت، بۆیە گرنگە حکوومەت پەلە بکات لە ڕێککەوتن، چونکە تا دێت کاریگەرییەکانی گۆڕانی ئاو و هەوا لەسەر عێراق زۆرتر دەبن.

ئەو ڕوونیشی دەکاتەوە، لەبەر ئاودێرکردنی پرۆژە کشتوکاڵییەکان وڵاتانی ناوچەکە چەندین بەنداو و پڕۆژەی گلدانەوەی ئاویان جێبەجێ کردووە، کە تەنیا بە ڕێککەوتن دەکرێت دڵنیایی لەبەشە ئاوی عێراق بەدەست بهێندرێت.

بەم دواییانە ڕووبەری 150 هەزار دۆنم لە بەشێک لە زەوییەکانی نێوان بەغدا و پارێزگای بابل  50  هەزار دۆنم زەوی لە سنووری پارێزگای موسەننا، 20 هەزار دۆنم زەوی لە حەوێجە لە پارێزگای کەرکووک، 400 هەزار دۆنم زەوی لە عەمارە و 475 هەزار دۆنم زەوی لە پارێزگای زیقار کەوتوونەتە ژێر کاریگەری بە بیابانبوون.

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ڕایگەیاندووە، لەگەڵ تورکیا لە هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی 13 پرۆژە کە تێیدا ژمارەیەک بەنداوی گەورە بۆ گلدانەوەی ئاوی باران و لافاو لە خۆدەگرێت بۆ زیندووکردنەوەی خاکی ئەو ناوچانە.

عێراق دوو لە درێژترین ڕووبارەکانی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت کە دیجلەو فوراتن، بەگوێرەی بەدواداچوونێکی پەیمانگەی دەریای ناوەڕاست بۆ توێژینەوەی ناوچەیی لەنێوان ساڵانی 1993-2021 ئاستی ڕووباری فورات لە 30 ملیار مەتر سێجا بۆ 9 ملیار و 500 هەزار مەتر سێجا دابەزیوە، هەروەها لەو نێوانەدا ئاستی ئاوی رووباری دیجلەش لە 20 ملیار و 500 هەزار مەتر سێجا بۆ 9 ملیار و 700 هەزارمەتر سێجا دابەزیوە .

جگە لەوەی دووەم گەورەترین دەریاچە لە عێراق کەدەریاچەی "ڕەزازە "ـیەو ڕووبەرەکەی 1800 کیلۆمەتر دووجایە ، کە دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانی ئەنبار و کەربەلا  90%ـی وشک بووە.