جەی دی ڤانس لە پشت پەردەوە سەرپەرشتیی دانوستانەکان دەکات

سەرچاوە ئەمریکییەکان ئاشکرایان کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیە دەرفەتێکی نوێ بە ڕێڕەوی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران بدات، بە ئامانجی تاقیکردنەوەی دەرفەتی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە کۆتایی بە پێکدادانی یەکلاکەرەوە بهێنێت و رێگە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ناوکییەکان خۆش بکات.

هاوکات، پێگەی هەواڵیی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسانی ئەمریکی و سەرچاوە هەرێمییەکانەوە بڵاویکردەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە پشت پەردەوە ڕۆڵێکی کارا دەگێڕێت و بەشێوەیەکی کەسی سەرپەرشتیی هەوڵەکانی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ تاران دەکات، ئەمەش ئاستی گرنگیدانی واشنتن بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ بەرزترین ئاست دەباتە پێشەوە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، ڤانس لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا پەیوەندیی نیمچە رۆژانەی لەگەڵ نێوەندگیرە هەرێمییەکان، بەتایبەت محەممەد عەبدولرەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر و عاسم مونیر، سەرۆک ئەرکانی سوپای پاکستان هەبووە. ڤانس لەگەڵ نێوەندگیرەکان ئەگەری سازکردنی کۆبوونەوەیەکی تەکنیکی لە ئاستی شارەزایان لە نێوان ئەمریکا و ئێران تاوتوێ کردووە، هەرچەندە تا ئێستا کۆبوونەوەکە ئەنجام نەدراوە.

هەر لە چوارچێوەی هەوڵەکاندا، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا و جارد کۆشنەر، راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا بەشداری لە پرۆسەی نێوەندگیرییەکەدا دەکەن، و سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرەوپێشچوون لە گفتوگۆکاندا بەدیهاتووە بەڵام بە خاوی بەڕێوەدەچێت.

راپۆرتەکەی ئەکسیۆس ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ڤانس دوو هەفتە لەمەوبەر نامەیەکی ئاراستەی موحسین رەزایی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کردووە و پێشنیازی دەستپێکردنەوەی دانوستانی راستەوخۆی نێوان واشنتن و تارانی خستووەتەڕوو. لای خۆیانەوە بەرپرسانی ئێران پشتڕاستیان کردووەتەوە کە نامەکە کاریگەریی ئەرێنی هەبووە لەسەر دروستکردنی کەشێکی لەبار بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ.

جەی دی ڤانس پێشتریش سەرۆکایەتیی تیمی دانوستانکاری ئەمریکای لە سویسرا کردبوو، کە بە پابەندبوونی ئێران بە بانگهێشتکردنی پشکنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەردانی دامەزراوە ناوکییەکان کۆتایی هاتبوو.