فەرهەنگ برادۆستی: ئەرکی ئێمە دروستکردنی پردێکە لە نێوان کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان
سەرپەرشتی پێشانگەی هایتێکس2024 ڕایگەیاند، پێشانگاکە "ناوەندێکی ستراتیجیی تەکنەلۆجییە، کە بۆ پەرەپێدانی هێزی ئەو پێشکەوتنانە دروست کراوە".
سێشەممە، 03-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێنجەمین پێشانگە و کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی تەکنەلۆجیی هەولێر (هایتێکس2024)ـی کردەوە کە بە سپۆنسەریی مێدیایی دامەزراوەی کوردستان24؛ بەڕێوە دەچێت. هایتێکس2024 دەیەم گەورەترین پێشانگە و کۆنفرانسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەکەمی سەر ئاستی عێراقە؛ ساڵانە بە ئامادەبوونی سەرجەم کۆمپانیا بەشداربووەکان، چەندان بەرپرسی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی ناوەند و چەندان کۆنسوڵی وڵاتان؛ بەڕێوە دەچێت و ئەمساڵ بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
فەرهەنگ برادۆستی، سەرپەرشتی پێشانگەی هایتێکس2024 لە گوتارێکدا ڕایگەیاند "هایتێکس بەتەنیا پێشانگەیەک نییە، هایتێکس ناوەندێکی ستراتیجیی تەکنەلۆجییە، کە بۆ پەرەپێدانی هێزی ئەو پێشکەوتنانە دروست کراوە".
برادۆستی گوتیشی: ئەرکی ئێمە دروستکردنی پردێکە لە نێوان کۆمپانیاکانی ناوخۆ و کۆمپانیا بیانییەکان و ناوەندە ئەکادیمییەکان و ڕێکخراوەکان و لایەنە پەیوەندارەکانی حکوومەتە. ئامانجمان ڕوونە، باشترکردنی ئاستی تەکنەلۆجیا لە ناوچەکەماندا و دڵنیا بوون لە کۆمپانیاکان جا چ ناوخۆیی بێت یان بیانی، تاوەکو ئامرازی پێویستیان بۆ دابین بکەین، کە بتوانن لە ئاستێکی جیهانی بازاڕ بکە.
سەرپەرشتی پێشانگەی هایتێکس2024 دەشڵێت: لەگەڵ بەردەوامی پەرەسەندنی تەکنەلۆجیا، ئێمەش بە پاڵپشتی حکوومەت و هاوکارانمان لە کەرتی تایبەت، کاردەکەین بۆ دابین کردنی ژینگەیەکی تایبەت کە دەتوانرێت پرۆژەی پێشکەوتووی تێدا بەرهەم بهێنرێت و بیرۆکەی داهێنەرانە تێیدا گەشە بکات.
فەرهەنگ برادۆستی باسی لەوەش کرد، کارکردنی پلانی ساڵمان لەسەر ئەو پلاتفۆرمە ستراتیجییە، هێمای پابەند بوونمانە بە پێشخستنی تەکنەلۆجیا و پەیوەندییەکانی نێوان لایەنە جیاوازەکان کە لێرە ئامادەن.
ڕاشیەگەیاند، بە هەموو پێوەرەکان لەچەند ساڵی داهاتوو وەبەرهێنانی تەکنەلۆجیا لە وڵاتەکەمان، لە هەموو سێکتەرەکانی دیکە زیاتر دەبێت، بۆیە داوا لە وەبەرهێنەران دەکەین زیاتر ئاوڕ لەکەرتی تەکنەلۆجیا بدەنەوە، کە دەیان و سەدان گەنجی شارەزا لەو بوارە لە کوردستان هەن.