چاودێرێکی سیاسی: بەشداریی هاووڵاتیان لە هەڵبژاردن شکست بە پلانی دوژمنانی هەرێمی کوردستان دەهێنێت

بڕیارە لە 20ـی 10ـی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت، هاووڵاتیانی پارێزگای دهۆکیش داوا دەکەن خەڵک بەپەرۆشەوە بەشداریی لەو هەڵبژاردنەدا بکەن.

باس و خواسی ئەوان تەنیا باسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، کە داوا دەکەن خەڵک بەگەرمی بەشداریی لە هەڵبژاردنی 20ـی ئۆکتۆبەر بکەن، تاوەکو هەر بۆشاییەکی یاسایی هەبێت، پڕی بکەنەوە، بۆ ئەوەی نەهێڵن دوژمنانی کوردستان بە مەرامی خۆیان بگەن.

كوڤان بالاته‌یی، هاووڵاتى بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "مافی خۆمانە هەڵبژاردن بکەین، دەبێت ئەو لیستە هەڵبژێرین کە ئاو و خاکمان دەپارێزێت".

بژار دهۆكى، هاووڵاتییەکی دیکەیە و دەڵێت: داوادەکەم هەموو خەڵک بچنە دەنگدان و نەهێڵن بە ئاسانی لە دەستیان بچێت، چونکە ئەو دەستکەوتانە بە زەحمەت بەدەست هاتوون.

هاووڵاتیەکەی دیکەی پارێزگاکە بەناوی دیندار مزوورى گوتی: داودەکەم خەڵک هەمووی بەشداریی لە هەڵبژاردندا بکات، تاوەکو ئەو فشارانەی عێراق و فشارە ئابوورییەکان لەسەرمان نەمێنێت.

چاودێرێکی سیاسی، ئەو هەڵبژاردنە بە گرنگ وەسف دەکات و دەڵێت: سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن، سەرکەوتنی سیاسەتی کوردستانە، بۆیە پێوسیتە خەڵک بە گەرمی بەشداری لەو هەڵبژاردنە بکات.

به‌درخان زاویته‌یی، چاودێری سیاسى دەڵێت: چەندە ڕێژەی بەشداریی لە هەڵبژاردن زیاتر بێت، ئەوە ئەو پلانانەی لە دژمان دارێژراوە شکست دەهێنێت، بۆیە بەشداریی گەورەی خەڵک تاکە گەرەنتییە بۆ شکستپێهێنانی ئەو پلانانەی لەدژی هەرێمی کوردستان هەن، ئەگەر نا، پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان تووشی گرفت دەبێت.