بەڕێوەبەرێکی پێشانگەکە: هایتێکس پەیوەندیی کۆمپانیا ناوخۆ و نێودەوڵەتییەکان پتەو دەکات

ڤینا برادۆستی ئەندامی دەستەی ڕێکخەرانیی پێنجەمین پێشانگەی هایتێکس
ڤینا برادۆستی ئەندامی دەستەی ڕێکخەرانیی پێنجەمین پێشانگەی هایتێکس

ڤینا برادۆستی، ئەندامی دەستەی ڕێکخەرانیی پێنجەمین پێشانگەی هایتێکس لە ستۆدیۆی کراوەی کوردستان24 لە پێنجەمین پێشانگەکەدا گوتی: 150 کۆمپانیای بواری تەکنەلۆجیا بەشداری هایتێکسن کە زۆرینەیان نێودەڵەتین و مەبەستی سەرەکی پێشانگەکەش دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێزە لە نێوان کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و ناوخۆییەکان، خەڵاتی تایبەتیش بۆ گەنجانی خاوەن پرۆژە تەرخان کراوە.

ڤینا برادۆستی گوتی: ئەمە پێنجەمین ساڵ و پێنجەمین پێشانگەی تەکنەلۆجیایە دەکەینەوە، ئەم ساڵ نە هەر تەنیا لەسەر ئاستی عێراق بەڵکو توانیومانە پلەی دەیەمین لە گەورەترین پێشانگەی تەکنەلۆجیای نێودەوڵەتیی لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دەست بێنین کە ئێمە بتوانین لە پێشانگەیەکی لەمجۆرە بتوانین بەرهەمە تەکنەلۆجیاییەکان کۆ بکەینەوە و پیشانی هاووڵاتییانی بدەین.

هەروا ئاماژەی دا، مەبەستێکی سەرەکی هایتێکس دروستکردنی پەیوەندییە لە نێوان کۆمپانیا ناوخۆییەکان و کۆمپانیا دەرەکییەکان، هەر بۆ ئەم مەبەستە زیاتر لە 150 کۆمپانیا لێرە ئامادەن و بەشداری پێشانگەکەن. ئەوەشی جێی دڵخۆشییە زۆرینەی کۆمپانیا بەشداربووەکان، نێودەوڵەتین، ئەمەش هەنگاوێکی باشە هەم بۆ دروستکردن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەلایەکی و کردنەوەی لق و بریکاری گەورە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

ڤینا برادۆستی گوتیشی: لە پێنجەمین پێشانگەی هایتێکس شوێنێکی تایبەتمان بۆ گەنجە خاوەن پرۆژە و بەهرەمەندەکان کردووەتەوە، بە تایبەت ئەوانەی دۆخێکی باشی داراییان نییە، هاوکات خەڵاتی ماددیشمان تەرخان کردووە بۆ ئەو گەنجانەی کار و پرۆژەکانیان لە ئاستی پێشانگەکەدا بە باشترین دادەنرێت، کە زیاتر لە 30 پرۆژەیە و لە نێویاندا پرۆژەی بچووک هەن، هەر هەموویان لە بواری تەکنەلۆجیدان.

ڕایگەیاند، میوانەکانی هایتێکس تەنیا بینەرانی ناوخۆیی نین، بەڵکوو لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی دیکەشەوە دێن و ئەم چوار ڕۆژە بەشداری لە چالاکییەکانی پێشانگەکەدا دەکەن، کە بەشێکیان پانێلیستی بیانین.

بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 03-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێنجەمین پێشانگە و کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی تەکنەلۆجیی هەولێر (هایتێکس2024)ـی کردەوە کە بە سپۆنسەریی مێدیایی دامەزراوەی کوردستان24؛ بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

مەسرور بارزانی لەبارەی بەرهەمی تەکنەلۆجیی گەنجانی هەرێمی کوردستان لە پێشانگە و کۆنفرانسی، گوتی: بەڕاستی زۆر هەستم بە شانازی كرد كە گەنجەكانی خۆمان لەو ئاستە بەرزە توانیویانە لە بواری تەكنەلۆجیادا ئەوەندە پێش بكەون. خۆیان زۆر كۆمپانیای خۆیان دامەزراندووە و داهێنانیان كردووە و زۆر لەو بەرنامە و پرۆگرامانە خۆیان دروستیان كردووە.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەسەرکردنەوەی بەشێکی پێشانگاکە، پشتیوانیی خۆی بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە؛ هەروەها لە نووسینێکیدا لەسەر پێگەیەکی ئەلیکترۆنی، دەستخۆشیی لە هەموو ئەو گەنجانە کرد کە بە شێوەیەکی خۆبەخش کاریان بۆ ڕێکخستنی پێنجەمین پێشانگە و کۆنفرانسی هایتێکس کردووە.