کونسوڵی چین بۆ کوردستان24: لە داهاتوویەکی نزیکدا لە هەولێر ڤیزای گەشتیاریی چین بە هاووڵاتییان دەدەین
K24 – هەولێر:
کونسوڵی گشتیی چین لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بوونی پەیوەندیی نیوان هەرێمی کوردستان و چین گرنگە و لە ڕابردوودا زۆر بە خێرایی گەشەی کردووە. هاوکات ئاماژەی بەوەدا، لە داهاتوویەکی نزیکدا لە هەولێر ڤیزای گەشتیاریی چین بە هاووڵاتییان دەدەن.
لیو جیون، کونسوڵی گشتیی چین لە هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەم پەیوەندییەی نێوان هەرێمی کوردستان و چین زۆر گرنگە، چین کونسوڵخانەی خۆی لە هەولێر کردووەتەوە و پەیوەندییەکانی هەردوولا زۆر بە خێرایی گەشەی کردووە.
باسی لەوەش کرد، "ئەم ئیڤێنتەشمان بۆ ئەو قوتابییە کوردانە کردووەتەوە، کە لە چین سکۆلەرشیپیان وەرگرتووە، ئەمەش دەبێتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی خەڵکی چین و کوردستان پێکەوە پەیوەندیی ببەستن."
ناوبراو گوتی: چەندین پڕۆگرامی دیکەی ڕاهێنانمان هەیە و خەڵکی لە هەرێمی کوردستانەوە دەبەینە چین، بە جۆرێک تەنیا ساڵی ڕابردوو 130 کەسمان لە هەرێمی کوردستان باردە چین.
کونسوڵی گشتیی چین لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، کار دەکەن بۆ ئەوەی ڤیزای گەشتیاریی بدەنە خەڵکی عێراق، لە داهاتوویەکی نزیکیش لە هەولێر دەست بەو پڕۆسەیە دەکەن.