پارێزگاری دهۆک و کونسوڵی ئەمەریکا دەخوازن هەڵبژاردنێکی بێگەرد لە کوردستان بەڕێوەبچێت

عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک و ستیڤ بێتنه‌ر کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان
عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک و ستیڤ بێتنه‌ر کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان

پارێزگاری دهۆک و کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان دەخوازن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە پرۆسەیەکی دیموکراسیە، بەشێوەیەکی بێگەرد و شارستانی بەڕێوەبچێت.

سێشەممە 3ـی ئەیلوولی 2024، عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک، پێشوازیی لە ستیڤ بێتنه‌ر کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری کرد.

بەپێی راگەیەندراوی پارێزگاکە، لەو دیدارەدا عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک و ستیڤ بێتنه‌ر کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، باسیان لە پەیوەندییە دێرینەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایان کرد، لەگەڵ ڕەوشی ئاسایش و ئابووری و بازرگانی لە هەرێمی کوردستاندا.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، هەردوولا باسی گرنگیی هەڵبژاردنی کوردستان و نزیکبوونەوەی بانگەشەی هەڵبژاردنیان کرد لەگەڵ ڕۆڵی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان بۆ ئەوەی بەشداریی پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن.

پارێزگاری دهۆک و کونسوڵی گشتی ئەمەریکا دووپاتیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان و گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بێگەرد و شارستانی و بەشێوەیەکی دیموکراسی و بەپێی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن بەڕێوەبچێت.