بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران یاری کۆتایی خولی سێیەمی تۆپی پێی دیپلۆماسی لە هەولێر بەڕێوەدەچێت

ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یاریی کۆتایی خولی سێیەمی تۆپی پێی دیپلۆماسی لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت.

پێش دەستپێکردنی یارییەکە، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و خۆشحاڵی خۆی بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە یارییەکەدا دەربڕی.

سەفین دزەیی ئاماژەی بەوە کرد "بیرمان لەوە کردەوە ئەم خوولە بەردەوام بێت و لێرە کاتێکی خۆش پێکەوە بەسەرببەین؛ هەرچەندە لە چەند مانگی رابردوودا ئاڵۆزی هەبوو، بەڵام لێرە پێکەوە کاتێکی خۆش بەڕێ دەکەین و دڵخۆشین کە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵمان ئامادەیە."

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە گوتیشی "ئامانج لەم خوولە ئەوەیە هەموومان پێکەوە کاتێکی دۆستانە و خۆش بەسەربەرین. سوپاسی تەواوی نێردە دیپلۆماسییەکان دەکەین، هاوکات سوپاسی زانکۆی سەڵاحەدین و کۆلێژی وەرزش دەکەین بۆ هاوکاری و هەماهەنگییان لە رێکخستنی ئەم چالاکییەدا."

لەبارەی بەشداربووانی خولەکەشەوە، سەفین دزەیی باسی لەوە کرد "16 تیم لەم پاڵەوانێتییەدا بەشدارن و هەموولایەکیش براوەن؛ چاومان لەوەیە جارێکی دیکەش لەگەڵ دۆستەکانمان کۆببینەوە و بەردەوام بین، بۆ ئەوەی هەماهەنگییەکی پڕ لە جۆش و خرۆش لە نێوانماندا هەبێت."