ترەمپ: هێزەکانی ئۆکرانیا درۆ دەکەن

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا ژمارەی ڕاستەقینەی کوژراو و بریندارەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەتی ڕووسیا دەشارنەوە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ لێکس فریدمان دۆناڵد ترەمپ گوتی: دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا ژمارەی قوربانیانی شەڕەکە دەشارنەوە و هەوڵدەدەن بە کەمی کوژراوەکانیان بڵێن، باڵەخانەیەک وێران بووە و دەڵێن کەسێک بە سوکی بریندار بووە، نەخێر درۆ دەکەن ژمارەیەکی زۆر کوژران.
سەرچاوەیەک بە ئاژانسی ئاڕ تی ڕاگەیاند، لە هێرشێکی ڕووسیا بۆ سەر پەیمانگای پەیوەندییە سەربازییەکانی هێزەکانی ئۆکرانیا لە شاری پۆلتاڤا کە کرابووەیە ئامانج، زیاتر لە 300 چەکداری ئۆکراینی کوژران و برینداربوون ڕاهێنەری بیانیشیان تێدایە.
پێشتر ڤلادیمێر ڕۆگۆڤ، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی هەماهەنگی بۆ یەکخستنی هەرێمە نوێیەکانی ڕووسیا ڕایگەیاند، سوپای ڕووسیا هێرشێکی مووشەکیی کردووەتە سەر پەیمانگای سەربازیی ئۆکرانیا بۆ پەیوەندییەکانی ئۆکرانیا لە شاری پۆلتاڤا.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی، ئەم پەیمانگایە لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەت لە ئۆکرانیا یەکێک بووە لە گرنگترین و کاریگەرترین دامەزراوەکانی ئۆکرانیا.
دەزگای RBKی ئۆکرانیا بە پشتبەستن بە سەرچاوەکان بڵاویکردەوە، دوای بۆردومانکردنی دامەزراوەی پەیوەندییە سەربازییەکان لە شاری پۆلتاڤا، بە تۆمەتی کەمتەرخەمی، دۆسیەیەکی تاوانکاری دژی سوپای ئۆکرانیا کراوەتەوە.