مەسرور بارزانی: هەرگیز کۆڵنادەین لە خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، "هەرگیز کۆڵنادەن لە خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق". گوتیشی، "ئامانجی سەرەکی ئێمە، پێشخستن و بونیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابوورییە بۆ هەرێمی کوردستان". 

دوانیوەڕۆی چوارشەممە، 04-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکدا قەڵغانی ڕێزلێنانی پێشکەشی ژمارەیەک وەبەرهێنەر کرد کە هاوکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە لە دروستکردنی باخچە و داینگە و قوتابخانە و نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی و باڵاخانەی پۆلیس.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "ڕێز و پێزانینم هەیە بۆ ڕۆڵی بەرپرسانە و نیشتمانپەروەرانەی وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوو لە هاوکاریکردن و پاڵپشتیکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کارنامە چاکسازییەکەی بە جۆرێک کە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت تەواوکەری یەکتر بوون و پێکەوە چەندین پرۆژەی گرنگ و ستراتیجییان ئەنجام داوە".

وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیران باسی کرد، "لە ساڵانی ڕابردوو، ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەختی دارایی بووینەوە، کێشە، کۆسپ، گیر و گرفتی زۆریان لە دەرەوە و ناوەوەی هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە دروست کرد، بەڵام سوپاس بۆ خوای گەورە و سوپاس بۆ خۆڕاگریی هاووڵاتییانی خۆشەویستیی هەرێمی کوردستان و پشتگیریی و پشتیوانیی (وەبەرهێنەران) توانیمان بەشێکی زۆری ئەو کێشە و ئاستەنگانە تێپەڕێنین و درێژە بە بەرنامە و پرۆژەکانی حکوومەت بدەین بەو جۆرەی تاوەکو ئێستا توانیومانە بەردەوام بین و ڕووبەڕووی هەموو ئەو قەیرانانەش ببینەوە".  

مەسرور بارزانی، سوپاسێکی تایبەتی کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستان، چونکە وەکو خۆی گوتی، "لە کاتی قەیرانەکاندا، ڕۆڵێکی نیشتمانپەروەرانەیان هەبووە و یارمەتیدەری حکوومەت بوون، بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری هاووڵاتییان بکات".

سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە، "ئامانجی سەرەکی ئێمە، پێشخستن و بونیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابوورییە بۆ هەرێمی کوردستان. هەروەها دەمانەوێت ناوچەکانی دیکەی عێراقیش پێشبکەون. عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە، دەوڵەمەندە بە سامانی سرووشتی، مرۆیی و ماددی و داهاتێکی زۆریشی هەیە، بەڵام جێگەی داخە بە هۆی نەبوونی ئیدارەدانێکی باش و خزمەتگوزار، ئێستا هاووڵاتییانی عێراق لە دۆخێکی خراپدا دەژین و، لەو داهاتە زۆر و زەوەندەی عێراق بەهرەمەند نین".

بە گوتەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، "دۆخی خزمەتگوزاری و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان لە عێراق، لە ئاستێکی خراپدایە. بەداخەوە هەرێمی کوردستانیش باجی سیاسەت و مامەڵەیەکی ناتەندروست و ناڕەوا دەدات کە لەلایەن هەندێک کەسەوە دژی حکوومەت دەکرێت کە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکەن".  

پێشکەوتن و گەشەکردنی هەرێمی کوردستان، وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیران گوتی، "لە قازانجی هەموو عێراقدایە و پێویست بوو حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، پێشبڕکێ بکەن لەسەر ئەوەی کێ زیاتر خزمەتی هاووڵاتییان بکات و پرۆژەی گرنگ و ستراتیجی جێبەجێ بکات".

مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە، "ئێمە هەرگیز کۆڵنادەین و بە پشتیوانی خوای مەزن و هاوکاریی ئێوەی بەڕێز بەردەوام دەبین لە بەرنامەکانمان لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق".  

ناوی ئەو وەبەرهێنەرانەی قەڵغانەکەیان پێشکەش کرا لەم لینکەدا بیبینە و بزانە بۆ پێیان درایە

 

دەقی گوتارەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووانی بەڕێز

وەبەرهێنەرانی خۆشەویست

زۆر زۆر بەخێر بێن و رۆژتان باش. زۆر خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم كە ئەمڕۆ لە خزمەتی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست دام و سوپاسی ئامادەبوونتان دەكەم و ڕێز و پێزانینم هەیە بۆ رۆڵی بەرپرسانە و نیشتمانپەروەرانەی ئێوەی بەڕێز لە ساڵانی رابردوو لە هاوكاریكردن و پشتیوانیكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كارنامە چاكسازییەكەی، بە جۆرێك كە كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت تەواوكەری یەكتر بوون و بەیەكەوە چەندین پرۆژەی گرنگ و ستراتیژییان ئەنجام داوە.

جیا لەوەی هاوكاریتان كردووین لە چەندین باخچە و داینگە و قوتابخانە و نەخۆشخانە و بنكەی تەندروستی و باڵاخانەی پۆلیس. بۆیە سوپاستان دەكەم و هیوای سەركەوتن و بەردەوامیتان لە كاتی چاكەخوازیدا بۆ دەخوازم.

خۆتان ئاگادارن كە لە ساڵانی رابردوو ڕووبەڕووی بارودۆخێكی سەختی دارایی بووینەوە و كێشە و كۆسپ و گیروگرفتی زۆریان لە دەرەوە و ناوەوەی كوردستان بۆ ئێمە دروست كرد، بەڵام سوپاس بۆ خوای گەورە و سوپاس بۆ خۆڕاگریی هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان و پشتگیری و پشتیوانیی ئێوەی بەڕێز، توانیمان بەشێكی زۆری ئەو كێشە و ئاستەنگانە تێپەڕێنین و درێژە بە پرۆژە و بەرنامەكانی حكوومەت بدەین بەو جۆرەی كە تاوەكوو ئێستا توانیومانە بەردەوام بین و ڕووبەڕووی هەموو ئەو قەیرانانەش ببینەوە.


سوپاسێكی تایبەتی كەرتی تایبەتی هەرێمی كوردستان دەكەم كە لە كاتی قەیرانەكاندا رۆڵێكی نیشتمانپەوەرانەیان هەبووە و یارمەتیدەری حكوومەت بوون بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی هاووڵاتیان بكەین. ئامانجی سەرەكیی ئێمە، پێشخستن و بونیادنانی ژێرخانێكی بەهێزی ئابوورییە بۆ كوردستان، هەروەها دەمانەوێ ناوچەكانی دیكەی عێراقیش پێش بكەون. عێراق وڵاتێكی دەوڵەمەندە، دەوڵەمەندە بە سامانی سرووشتی و مرۆیی و ماددی و داهاتێكی زۆریشی هەیە، بەڵام جێگەی داخە بەهۆی نەبوونی ئیدارەدانێكی باش و خزمەتگوزار، ئێستا هاووڵاتییانی عێراق لە دۆخێكی خراپدا دەژین و لەو داهاتە زۆر و زەوەندەی عێراق بەهرەمەند نین، دۆخی خزمەتگوزاری و پێداویستییە سەرەتاییەكانی ژیان لە عێراق لە ئاستێكی خراپدایە.

بەداخەوە هەرێمی كوردستانیش باجی سیاسەت و مامەڵەیەكی ناتەندروست و ناڕەوا دەدات كە لە لایەن هەندێك كەسەوە دژی حكوومەت دەكرێت كە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان ناكەن، لە كاتێكدا كە پێشكەوتن و گەشەكردنی هەرێمی كوردستان لە قازانجی هەموو عێراقدایە و پێویست بوو حكوومەتی فیدڕاڵی و هەرێم پێشبڕكێ بكەن لەسەر ئەوەی كە كێ زیاتر خزمەتی هاووڵاتیان بكات و پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی جێبەجێ بكات. بەڵام ئێمە هەرگیز كۆڵ نادەین و بە پشتیوانیی خوای مەزن و هاوكاریی ئێوەی بەڕێز، بەردەوام دەبین لە بەرنامەكانمان لەپێناو خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتیانی كوردستان و هەموو عێراق.

جارێكی دیكەش دەستخۆشیتان لێ دەكەم، ڕۆڵ و بەشداریتان لە ئاوەدانكردنەوەی كوردستان و یارمەتیدانی دامەزراوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرز دەنرخێنم. ئەمڕۆ كۆبوونەوەمان لێرە بۆ ئەوەیە كە ئێمە ڕێز و پێزانینمان پێشان بدەین بۆ ئەو وەبەرهێنەرە بەڕێزانەی كە لەم ماوەیەدا دەوری كاریگەریان لە خزمەتكردنی هاووڵاتیان، پشتیوانیكردنی حكوومەت، جێبەجێكردنی چەندین پرۆژە هەبووە كە بێگومان بەبێ ئەوان نەدەكرا و حكوومەت نەیدەتوانی ئەو هەموو پرۆژانە جێبەجێ بكات.

ئەم رێزلێنانە بۆ هەموو وەبەرهێنەرێكی كوردستانە، هیوادارم هەمووتان جێی پەنجە و دەستتان دیار بێت، لەمەودواش هاوكار و پشتیوان بن، پشتیوانیی ئێوە لەگەڵ حكوومەت و كەرتی گشتی، هەمووی بۆ دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بەیەكەوە بتوانین خزمەتێكی باشتری هاووڵاتیانی كوردستان بكەین. بۆیە ئەمڕۆ چەند بەڕێزێك دەستنیشان كراون كە ئێمە ئەو تەقدیر و پێزانینەیان پێشكەش بكەین، بەڵام دڵنیا بن كە ئەم پێزانینە بۆ هەموو ئێوەی بەڕێز و خۆشەویستە و هیوادارم لە كۆبوونەوەكانی داهاتوو، لە ماوەی داهاتوو، جارێكی تریش ئێمە بتوانین بەیەكەوە دابنیشین و بەیەك بگەین و سوپاس و پێزانینی زیاتریشتان پێشكەش بكەین.

جارێكی تر زۆر زۆر بەخێر بێن، سوپاسی ئامادەبوونتان دەكەم، سوپاسی پشوودرێژیتان دەكەم، دەزانم زۆرتان لە شوێنەكانی دووریشەوە هاتوون، زۆر زۆر بەخێر بێن، ماندوو نەبن، هەر شاد و سەلامەت و سەركەوتوو بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت. 

Fly Erbil Advertisment