ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
K24 - هەولێر:
ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان یەکخستنی ڕێکارەکانی تایبەت بە سیستەمی دارایی و ژمێریاریی لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ پەسەند کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 4ـی ئەیلوولی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆکوەزیران پیرۆزبایی لە وانەبێژان کرد کە بڕیاردرا لە سەر داهاتی ناوخۆ بکرێنە گرێبەست و هیوای خواست ئەم بڕیارە مایەی ڕەزامەندی مامۆستایانی وانەبێژ بێت و ببێتە هۆی زیاتر هاندانیان بۆ خزمەتکردنی پرۆسەی خوێندن و پەروەردە لە هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکوومەت هەروەها پیرۆزبایی لە خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کرد بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینیان لەگەڵ هاوەڵەکانیان لە حکوومەتی فیدڕاڵ کە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دەنگی لەسەردرا و پەسەند کرا. هاوکات ئاماژەی بەوە دا، لەسەر ئاستی حکوومەتی فیدڕاڵیش دواجار توانرا بگەینە ڕێککەوتن و لەم مانگەوە خانەنشینانی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان بە هاوتاکراوی لەگەڵ خانەنشینانی حکوومەتی فیدراڵ وەرگرت.
گوتیشی: خانەنشینان دڵنیا دەکەینەوە کە هەمیشە پاڵپشتی داوا و داخوازییە ڕەواکانیان دەبین و ئەم بەشە ماندووەی هەرێمی کوردستان کە بەشێکی زۆری ژیانی خۆیان بۆ خزمەتی گشتی تەرخان کرد شایانی هەموو پشتیوانییەکن.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن کرد کە بڕیارە لەم مانگەدا دەست پێ بکات، لەم ڕووەوە سەرۆکوەزیران گوتی: بێگومان لایەنە سیاسیەکان ئازادن لە چوارچێوەی پەیڕەو وڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان چۆن بانگەشە بکەن، بەڵام داوایان لێ دەکەم کە بە شێوەیەکی شارستانی و دوور لە سووکایەتی و ناوزڕاندن بانگەشە بکەن، چونکە هەموومان کوردستانین و ڕۆڵەی ئەم نيشتمانەین و دەبێ بە بەرپرسیاریەتییەوە ڕەفتار بکەین.
بڕگەی یەکەم
لە بڕگەی یەکەمی کارنامەی کۆبوونەوەکە، ڕەشنووسی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە یەکخستنی ڕێکارەکانی تایبەت بە سیستەمی دارایی و ژمێریاریی لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە لایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانەوە خرایەڕوو.
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ ڕەشنووسی بڕیارەکەی وەک خۆی پەسەند کرد لە پێناو یەکخستنی ڕێکارەکانی تایبەت بە سیستمی دارایی و ژمێریاری لە نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی دەستووریی هەرێم و دەسەڵاتەکانی کە لەناو دەستووری عێراق جێگیر کراون، وەک ئاشکراشە لە دوای ساڵی 2014 ەوە بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێم، دابڕانێکی تەواو ڕوویدا لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ کە بووە هۆی پەیڕەوکردنی دوو سیستمی دارایی و ژمێریاریی جیاواز لە لایەن وەزارەتی دارایی هەردوولا، بۆیە لە قۆناغی نوێی ئێستای پەیوەندی هەردوو حکوومەت، ئەم هەنگاوە گرنگە و ڕۆڵی دەبێت لە ڕێکخستنەوەی پەیوەندی دارایی و ژمێریاریی هەردوولا و چارەکردنی زۆربەی سەرنج و تێبینیەکانی تیمی هاوبەشی چاودێریی دارایی لەسەر داهات و خەرجی و میلاکی حکوەمەتی هەرێم و یەکخستنی شایستەی دارایی و مووچەی مووچەخۆران لە سەرتاسەری عێراق کە ئەمەش لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێمە کە بە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینی دەستی پێکرد.
بڕگەی دووەم
پاشان لە بڕگەی دووەمدا، ئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم و وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە کۆتایی حەفتەی ڕابردوو لە بەغدا، هەروەها ئەنجامی دوایین کارەکانی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و فیدراڵ لەلایەن سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانەوە خرایەڕوو کە پوختەی ڕاسپاردە و سەرنج و تێبینیە تەکنیکییەکان و هەنگاوی جدیی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم بوو کە لە ماوەی پێشوو ڕێکاری پێویستیان وەرگرتووە سەبارەت بە ڕاسپاردە و سەرنجەکانی وردبینی هاوبەش و پێداچوونەوەی داهات و خەرجیی ومیلاک و لیستەکانی مووچە، بەجۆرێک بەهانە و بیانووی تەکنیکی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ نەمێنێت بۆ دواخستنی خەرجکردنی مووچەی هەرێم، هەروەها بڕی ئەو پارانەش خرانەڕوو کە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بۆ مووچەی هەردوو مانگی تەممووز و ئاب خەرجی کردووە.
ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتەکانی ڕاسپارد کە بەردەوام بن لە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ و تیمی هاوبەشی چاودێریی دارایی هەردوولا و تەواوکردنی تۆماری بایۆمەتریی و پێدانی ژمارەی وەزیفی بە هەموو مووچەخۆران و پەلەکردن لە چالاککردنی بە ئەليکترۆنیکردنی سیستمی پێدانی مووچە، لەبەرامبەریشدا پێویستە لە سەر وەزارەتی دارایی فيدراڵ تەواوکاریی مووچەی مانگی تەمموز و ئابی 2024 بە پەلە ڕەوانە بکەن تاوەکوو حکوومەتی هەرێم بتوانێت لە نزیکترین دەرفەتدا، مووچەی مانگی ئابی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات هاوتای مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، کە ئێستا مووچەخۆرانی هەرێم شایستەی وەرگرتنی مووچەی مانگی ئابن.
لە کۆتاییدا ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی تایبەتیی ئەنجوومەنی ئابووریی وەزاریی فیدراڵ كرد کە وا بڕیارە لەم ڕۆژانەدا لە هەولێر تایبەت بە دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان وەزارەتەکانی هەردوولا بکرێت، ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای پێشوازیی گەرمیی لە سازدانی ئەم کۆبوونەوەیە لە هەولێر، لە هەمانکاتدا حکوومەتی هەرێم ئەم کۆبوونەوەیە بە دەرفەتێکی پڕ بایەخ دەزانێت تا لە نزیکەوە ڕووبەڕوو وەزیرانی پەیوەندیداری لە هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ گفتوگۆی جیدیی لەسەر دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو لا بکرێت کە تا ئێستا چارە نەکراون لە گشت بوار و کەرتەکاندا.
ئەنجوومەنی وەزیران سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ ئامادەکاریی پێویست بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە بەغدا و سکرتاریەتی ئەنجوومەنی فیدراڵیی ئابووری، هەروەها وەزیرەکانیش ڕاسپێردران بەپێی تایبەتمەندییان، پێویستە دۆسیەی خۆیان ئامادە بکەن لەگەڵ خستنەڕووی پێشنیار و ڕاسپاردەی هاوسەنگ و پێویست بە ڕەچاوکردنی دەسەڵاتە جێگیرکراوەکانی هاتوو لە دەستووریی عێراق لە پێناوی چارەکردنی بنەڕەتیی کێشەکان و ڕەخساندنی بواری زیاتر بۆ کارکردنی پێکەوەیی نێوان هەردوو حکوومەت لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتیان و باشترکردنی بژێوی ژیانیان لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.