فەرەیدوون عەبدولقادر: شەرم لە خۆتان بکەن، پەلاماری هاوڕێ تێکۆشەرەکانی ئێمە نەدەن

سیاسەتمەدارێکی کورد دەڵیت، من و تێکۆشەرەکان ئەوەمان پێ قبوڵ ناکرێت کە یەکێتی دەیکات، هەروەها دەڵێت: ئەو ڕۆژانەی یەکێتی لێی قەومابوو، ئێمە بووین هاتووین مام جەلال و یەکێتیمان هێناوە شارەکانی کوردستان، نەک ئێوە.

فەرەیدوون عەبدولقادر، سیاسەتمەداری کورد، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "بەش بەحاڵی خۆم ئەوەم پێ قبوڵ ناکرێت، هەروەها هەموو تێکۆشەرە کۆنەکانی یەکێتی ئەوەیان پێ قبوڵ ناکرێت، بۆیە حەزمەکرد لە کەناڵەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە ڕەئی خۆم دەرببڕم، چونکە من و هاوڕێکانم خاوەنی یەکێتین".

فەرەیدوون عەبدولقادر گوتیشی: "هۆشیارتان دەکەمەوە ئەوەتان بۆ ناچێتە سەر، ئەو ڕۆژانەی یەکێتی لێی قەومابوو، ئێمە بووین هاتووین مام جەلال و یەکێتیمان هێناوە شارەکانی کوردستان، نەک ئێوە".

دەشڵێت: "ئەو کات ئێوە لە شوێنێ دیکە کاردتان دەکرد، ئێوە پارێزەرانی یەکێتی نەبوون، ئەوە ئێوە نەبوون کە یەکێتیتان زیندوو کردووەتەوە، لەبەر ئەوە شەرم لە خۆتان بکەن، پەلاماری هاوڕێ تێکۆشەرە کۆنەکانی ئێمە نەدەن".

کاتژمێر 5ـی ئێوارەی پێنجشه‌ممه‌، 5ـی ئه‌یلوولی 2024، هێزێکی کۆماندۆ، هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سەر بارەگای سیاسەتمەدار و ڕۆشنگەر مەلا بەختیار و دەزگای ڕۆشنگەریی چاودێر و بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژ لە گردی ئەندازیاران له‌ سلێمانی.

هێزه‌كه، پاسەوانەکانی دەزگای چاودێریان دوور خستووه‌ته‌وه‌ و دەستیان  بەسەر تەواوی کەلوپەلی دەزگاکەدا گرتووە.

تۆڕی ناوەندیی ڕۆشنگەریی چاودێر ڕایگه‌یاندووه‌ "ئێمە وەکوو تۆڕی ناوەندیی ڕۆشنگەریی چاودێر، سەرکۆنەی ئەو کردەوەیە دەکەین و ئەم کارە بە پێشهاتێکی مەترسیدار بۆ سەر ئازادیی نووسین، ئازادیی بیروڕا، ئازادی ویژدان دەزانین."