ئۆکرانیا داوا لەهاوپەیمانان دەکات چەکی زیاتر بۆ دابین بکەن

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا داوای "چەکی زیاتر"ـی لەو وڵاتانی هاوپەیمانان کرد، بەمەبەستی بەرپەرچدانەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە خاکی ئۆکرانیا.
ئەمڕۆ هەینی، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە میانی کۆبوونەوەی هاوپەیمانەکانی کیێڤ لە بنکەی ئاسمانی ئەمەریکا لە ڕامشتاین لە ڕۆژئاوای ئەڵمانیا، گوتی: "جیهان بەشی بەرگری ئاسمانی هەیە بۆ دڵنیابوون لەوەی تیرۆری ڕووسیا هیچ ئەنجامێک بەدەست ناهێنێت، هەروەها داواتان لێدەکەم چالاکتر بن لە کارکردندا لەگەڵ ئێمە لە بواری بەرگری ئاسمانیدا".
لە هەمان کاتدا زێلێنسکی، "داوای کرد، ڕێگەی پێبدەن مووشەکی دوور مەودا بەکاربهنێت، نەک تەنها لەسەر خاکی ئۆکرانیا بەڵکو لەسەر خاکی ڕووسیاش".
لای خۆیەوە لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا، هاوکاری سەربازی نوێی بۆ ئۆکرانیا بە بەهای 250 ملیۆن دۆلار ڕاگەیاند، لەکاتێکدا کیێڤ هەوڵدەدات ڕووبەڕووی پێشڕەوییەکانی هێزەکانی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی ببێتەوە.
ئۆستین لە ڕامشتاین گوتی: سەرۆک جۆو بایدن پاکێجێکی نوێی هاوکاری ئەمنی بە بڕی 250 ملیۆن دۆلار بۆ ئۆکرانیا ئیمزا دەکات، ئەمە تواناکان زیاد دەکات بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئۆکرانیا.