کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەفسانەکانی تۆپی پێ شەرمەزار دەکات

هەرچەندە کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی تەمەنی گەیشتووەتە نزیکەی 40 ساڵ بەڵام بەردەوامە لە سەرسامکردنی هاندەرانی تۆپی پێ بە تۆمارکردنی ژمارە پێوانەییەکان.
کریستیانۆ رۆناڵدۆی تەمەن 39 ساڵ لە دوا یاریی لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال توانی گۆڵی ژمارە 900 لە کاروانی وەرزشی خۆی تۆماربکات.
لێدوانێکی بەناوبانگی دۆن باس لەوە دەکات، کە ئەو بە دوای ژمارە پێوانەییەکان ناکەوێت بەڵکو ژمارە پێوانەییەکان بە دوای ئەو دەکەون.
پێش تۆمارکردنی گۆڵی ژمارە 900 کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەوەی راگەیاند، کە دەیەوێت پێش وازهێنانی لە تۆپی پێ ژمارەی گۆڵەکانی بگەیەنێتە 1000 گۆڵ.
ژیانە وەرزشییە پڕ گۆڵەکەی کریستیانۆ نیوەی بە درێسی ریاڵ مەدریدە و توانیویەتی 450 گۆڵ بۆ یانە شاهانەکە تۆماربکات لە سەرجەم پاڵەوانێتییە جیاوازەکان.
رۆناڵدۆ پێش تەمەنی 30 ساڵی 463 گۆڵ و دوای تەمەنی 30 ساڵی 437 گۆڵی تۆمارکردووە.
تۆمارکردنی ئەو ژمارە زۆرە گۆڵەی کریستیانۆ دوای تەمەنی 30 ساڵی ئەستێرەکانی پێشووی تۆپی پێی تووشی دۆخێکی شەمەزارکەر کردووە.
بەشێك لە ئەستێرەکانی پێشووی تۆپی پێ بە هەموو کاروانی وەرزشییان نەگەیشتوونەتە گۆڵەکانی دوای تەمەنی 30 ساڵی رۆناڵدۆ.
گۆڵەکانی بەشێك لە ئەستێرەکانی تۆپی پێ لە تەواوی کاروانی وەرزشییان:
- تێری هێنری بە تەواوی کاروانی وەرزشی خۆی لەگەڵ فەرەنسا و ئارسێناڵ 411 گۆڵی تۆمارکردووە.
- ئالان شیرەر گۆڵکاری مێژووی پرێمەرلیگ کۆی گۆڵەکانی لە کاروانی وەرزشی 393 گۆڵە.
- رۆناڵدۆی دیاردە لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل و یانەکان 371 گۆڵی تۆمارکردووە.
- وەین رۆنی گۆڵکاری مێژووی مانچێستەر یونایتد کاروانی وەرزشییەکەی 366 گۆڵە.
- دیدیە درۆگبای کۆتدیڤواری سەرجەم گۆڵەکانی لەگەڵ یانە و هەڵبژاردە 365 گۆڵە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ تەمەنی 39 ساڵە و یاریی بۆ سپۆرتینگ لیسبۆن، مانچێستەر یونایتد، ریاڵ مەدرید و یوڤێنتووس کردووە و ئێستاش لە نەسری سعوودی یاریی دەکات و بەهای ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان 15 ملیۆن یۆرۆیە.