زیادکردنی مووچەی پەرلەمانتاران توڕەبوونی شەقام و کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە

پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێکی داخراودا لە مانگی ئاب، مووچەی پەرلەمانتاران و فەرمانبەرانی پەرلەمانی بە ڕێژەی 30%ـی مووچە بنەڕەتییەکانیان زیادکردووە، ئەم پرسە توڕەبوونی شەقام و کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە.

 پەرلەمانتارێک دەڵێت: ئەم زیادکردنە نادادپەروەرییەو پێویستە پەرلەمان ئەم بڕیارە هەڵبووەشێنێتەوە، پسپۆڕێکی ئابووریش دەڵێت: پەرلەمانی عێراق دەسەڵاتی ئەوەی نییە بەبێ زیادکردنی مووچەی گشت فەرمانبەران، مووچەی توێژێک بەتەنیا زیاد بکات، هۆشداریش دەدات کە ئەم هەنگاوە بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان و تێکڕای نرخەکانی لێ دەکەوێتەوە.

دەنگدان لەسەر زیادکردنی مووچەی پەرلەمانتاران بە پێشێلکاری یاسایی و کۆمەڵایەتی و ئابووری وەسفدەکرێت، بەو پێیەی لەلایەک نا هاوسەنگی لەنێوان مووچەکان زیاتر دەکات و کورتهێنانیش لە بودجەی فیدڕاڵی دروست دەکات.

رۆژی 7ـی ئاب لە دانیشتنی حەوتەمیدا پەرلەمانی عێراق بڕیاری زیادکردنی مووچەی پەرلەمانتاران و فەرمانبەرانی پەرلەمانی داوە کە رێژەی زیادکردنەکە یەکسانە بە 30%ـی مووچەی بنەڕەتییەکەیان.

لەسەر ئەم پرسە  ئەحمەد شەممەری ئەندامی پەرلەمانی عێراق داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکات ،بڕیاری زیادکردنی مووچەی فەرمانبەران هەڵوەشێنێتەوە لەبەر هۆکاری زۆر لەوانە پابەندبوون بەبنەماکانی دەستووری عێراق سەبارەت بە یەکسانی عێراقییەکان لە ماف و ئەرکەکانیاندا و نەهێشتنی جیاکاری .

هەروەها شەممەری ئاماژەی بەوە کردووە پێویستە پەرلەمان کار بکات بۆ یەکسانکردنی مووچەی وەزیرەکان بە مووچەی پەرلەمانتاران نەک بە پێچەوانەوە، بەپێویستیشی دەزانێت لەبری ئەوە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و مووچەخۆرانی تۆڕەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی زیاد بکرێت.

هەروەها سەفوان قوسەی پسپۆڕی بواری ئابووری هۆشداری دەدات و ڕایدەگەیەنێت، زیادکردنی مووچەو دەرماڵە لە قەبارەی گشتی خەرجییەکان لە بودجەی فیدڕاڵیدا ، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان و کاریگەری نەرێنیشی لەسەر تێکڕای نرخەکان دەبێت.

دەشڵێت: هەر زیادەیەک بۆ مووچە پێویستە بەگوێرەی توانای دارایی حکومەت بێت لە پارەدارکردنی خەرجییەکان. داواش لە حکومەت دەکات پاڵپشتی دارایی پێشکەش بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بکات و کار لەسەر کەمکردنەوەی تێچووی ژیانی گشتی بکات لە رێگەی سنووردانان بۆ نرخەکان.

هەروەها نەبیل جەبار توێژەری ئابووری تیشك دەخاتە سەر ئەم پرسەو ڕایدەگەیەنێت: زیادکردنی مووچەو دەرماڵەی ئەندامان و فەرمانبەرانی پەرلەمان، نیشانەی پرسیاری دروستکردووە بەوپێیەی یاسایەک نییە ڕێگە بە پەرلەمان بدات، مووچەی ئەندامان و فەرمانبەرانی زیاد بکات بەبێ زیادکردنی مووچەی فەرمانبەرانی لە کەرتەکانی دیکە، دەشڵێت: فەرمانبەران داوای زیادکردنی مووچەکانیان دەکەن، چونکە رێژەی هەڵاوسان بەرزبووەتەوەو بەهای ڕاستەقینە لە داهاتی نەختینە کەمبووەتەوە کە ئەمە بووەتە هۆی دابەزینی توانای کرین لەلایەن فەرمانبەران و دابەزینی ئاستی ژیانیان.