ئێوارەی ئەمڕۆ شاندێکی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق دەگاتە هەولێر
K24 – هەولێر:
شاندێکی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە دەگاتە هەرێمی کوردستان و سبەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 7ـی ئەیلوولی 2024 كاتژمێر 7 شاندی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق دەگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیان لێ دەکرێت.
بڕیارە سبەی یەکشەممە، کۆبوونەوەكانی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و ئەنجوومەنی ئابووری هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەست پێ بکات کە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا بە پێی دەستوور دەکەن ، بە تایبەتی مافە دەستووریی و شایستە دارایی و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان.
هەر ئەمڕۆ د. عەممار خەلەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەردانەکەی شاندی ئەنجوومەنی وەزارەیی ئابووریی عێراق بۆ هەولێر "هەنگاوێکی گرنگ و ئەرێنییە" بۆ چارەکردنی کێشە ئابوورییە هەڵپەسێراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.