محهممهد شاكر: نییەتێکی باش بۆ چارەکردنی سەرجەم کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەیە
K24 – هەولێر:
پهرلهمانتارێکی پێشووی عێراق، دەڵێت: هاتنی شاندی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق بۆ هەولێر، بۆ چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە.
محهممهد شاكر، پهرلهمانتاری پێشووی عێراق، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دوا هەواڵی کوردستان24ـدا، گوتی: کۆبوونەوەی نێوان هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، ئەمە یەکەمجارە کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە لە هەولێر بەڕێوە دەچێت، ئەمەش پەیامێکی گەورە و دڵخۆشکەرە.
ئەو پەرلەمانتارە پێشووەی عێراق، بە گەشبینییەوە دەڵێت: هاتنی شاندی ئەنجوومەنەکە بۆ چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە، هەروەها نییەتێکی باشیش هەیە کە سەرجەم کێشەکان چارە بکرێن.
سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، لەم ماوانەی کۆتایی هەنگاوی باش نراوە بۆ چارەکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ شەممە 7ـی ئەیلوولی 2024 شاندێکی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق بە سەرۆکایەتی فوئاد حوسێن، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیان لێ کرا.
بڕیارە سبەی یەکشەممە، کۆبوونەوەكانی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەست پێ بکات کە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا بە پێی دەستوور دەکەن بە تایبەتی مافە دەستووریی و شایستە دارایی و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان.