وەزارەتی دارایی عێراق: سبەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری لە هەولێر کۆ دەبێتەوە

شاندێکی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق
شاندێکی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق

K24 – هەولێر:

وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، سبەینێ لە کۆبوونەوەی نێوان ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری عێراق و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان گفتوگۆ لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێم دەکرێت.

شەممە 7ـی ئەیلوولی 2024 وەزارەتی دارایی عێراق، لەمیانەی ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، سبەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری لە هەولێر کۆ دەبێتەوە و تییدا گفتوگۆ لەبارەی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

وەزارەتەکە ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی دوو ڕۆژەی نێوان ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان گفتوگۆ لەبارەی سەرجەم پرسە هەڵپەسێردراوەکان دەکرێت.

وەزارەتی دارایی عێراق، ئەوەی ئاشکرا کرد، ئامانجێکی دیکەی سەردانی شاندی ئەنجوومەنەکە بۆ هەرێمی کوردستان پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە.

ئەمڕۆ شەممە 7ـی ئەیلوولی 2024 شاندێکی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق بە سەرۆکایەتی فوئاد حوسێن، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیان لێ کرا.

ئەندامانی شاندەکەی ئەنجوومـەنی وەزاریی ئابووریی عێراق:

1. فوئاد حوسێن، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق.

2. محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانانی عێراق.

3. تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق.

4. عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق.

5. ئەسیر داود سەلمان، وەزیری بازرگانیی عێراق.

6. ئەحمەد جاسم سابر، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق.

7. حەمید نەعیم، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.

8. فەیسەڵ وسام، سەرۆکی دەستەی کاغەزە داراییەکانی عێراق.

9. عەلی مەعارج بەهادلی، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق.

10. ئەحمەد عەبدولجەبار، بریکاری وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان.

11. میساق عەبدولحوسێن، بریکاری تەکنیکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق.

12. عەباس نەسروڵڵا، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووریی عێراق.