عێراق بەدواداچوون بۆ هاووڵاتیە ڕفێنراوەکەی لە سووریا دەکات

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر هاووڵاتییەکی عێراقی لە سووریا ڕفێندراوە، بەهۆیەوە دەسەڵاتدارانی سووریا ژمارەیەک کەسیان دەستگیر کردووە بەهۆی تێوەگلانیان لە ڕووداوەکەدا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە "لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ دۆسییەی ڕفاندنی هاووڵاتییەکی پارێزگای بەسرە دەکەن، کە لە 24ـی ئابی 2024، لە گوندی "ئەلبەیازیە"ـی سەر بە شاری حومس دەکەن".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە "لەم چوارچێوەیەدا باڵیۆزخانەی عێراق لە دیمەشق، لە ڕێگەی بەرپرسی کاروباری وڵاتەوە، پەیوەندییەکی بەرفراوانی لەگەڵ باڵاترین دەسەڵاتە ئەمنییەکانی سووریا دەکات، بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا ئەو کەسە ڕفێنراوە ئازاد بکرێت".

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە "دەسەڵاتدارانی سووریا ژمارەیەک کەسیان دەستگیرکردووە بەهۆی تێوەگلانیان لە ڕووداوی ڕفاندنەکەدا، نەرپرسانی ئەمنیش بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بەو هاووڵاتییە عێراقییە ڕفێندراوە و دڵنیابوون لە سەلامەتییەکەی".

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕاشیگەیاند، بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون بۆ ئەوە دۆسیەیە تا ئەو کاتەی هاووڵاتییە عێراقیەکە ئازاد دەکرێت و بە سەلامەتی دەگەڕێتەوە زێدی خۆی.

وەزارەت، هاووڵاتیان و گەشتیارانی عێراقیشی ئاگادار کردەوە لەکاتی سەردانیان بۆ سووریا نەچنە ناوچە نائارامەکانی ئەو وڵاتە، بۆ ئەوەی سەلامەتیی خۆیان بپارێزن.