سەرۆکوەزیران: کێشەی کەمئاویی هەولێر بە چەند تەنكەرێكی ئاو چارە ناكرێت
مەسرور بارزانی: كێشەی كەمئاوی بە چەند تەنكەرێكی ئاو چارە ناكرێت
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، چارەکردنی كێشەی كەمئاویی لە هەولێر پێویستی بە پرۆژەی گەورەیە و "بە چەند تەنكەرێكی ئاو چارە ناكرێت".
بەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە، 08-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر دانا.
پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر، بە گوژمەی 479 ملیۆن دۆلار لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێ بەجێ دەکرێت و بە ڕێژەی 100٪ـی کێشەی کەمئاوی لە سنووری پارێزگای هەولێر چارە دەکات. پرۆژەکە لە ماوەی 550 ڕۆژ و زووتریش، لەلایەن هێمن گرووپەوە جێبەجێ دەکرێت.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، "لە نزیكەوە ئاگاداری خەمی هاووڵاتیانی چەندین گەڕەكی هەولێر بووم كە گرفتی كەمئاوییان هەبوو. پارێزگا و شارەوانییەكان هەموو هەوڵێكیان دا تاكوو بە ڕێگەی جۆراوجۆر ئاو بۆ ئەم گەڕەكانە دابین بكەن".
بە گوتەی مەسرور بارزانی، "بەداخەوە هەندێك لایەن هەوڵیان دا كە كێشەی دەیان ساڵە و نەهامەتییەكانی خەڵك بكەن بە كەرەستەی بانگەشە و ململانێی سیاسی. كێشەی كەمئاوی بە چەند تەنكەرێكی ئاو چارەسەر ناكرێت، بەڵكوو پێویستە پرۆژەیەكی وەك ئەمە بخرێتە گەڕ كە ئاوی زێی گەورە بگەیەنێتە شاری هەولێ".
ئەم پرۆژەیە، وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیران باسی کرد، "بە قەبارەیەك ئاو دەگەیەنێتە شاری هەولێر كە تا نزیكەی 30 ساڵی دیكە، هەولێر كێشەی كەمئاوی نامێنێت. داوام كردووە هاوتەریب لەگەڵ ئەم پرۆژەیە، تۆڕی ناوخۆیی ئاو لە گەڕەكەكانیش رێك بخرێتەوە، تاكوو بە تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە، بتواندرێت ئاو بە هەموو گەڕەكەكانی هەولێر بگەیەندرێت".