وەزیری دارایی عێراق: گفتوگۆکان دەرفەتێکی مێژووییە بۆ بەدیهێنانی ئاشتەوایی دارایی

تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق
تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق

تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق ئاشکرای دەکات، گفتوگۆکان دەرفەتێکی مێژووییە بۆ بەدیهێنانی ئاشتەوایی دارایی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان.

وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـی ئەیلوولی 2024، کۆبوونەوە هاوبەشەکانی نێوان ئەنجوومەنی وەزاری ئابووری فیدراڵ و ئەنجوومەنی وەزاری ئابووری هەرێمی کوردستان لە هەولێر بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی دەستی پێکرد کە تێیدا تیشک خرایە سەر میکانیزمەکانی بەهێزکردنی هەماهەنگی دارایی لەنێوان هەردوولا، هەروەها گەیشتن بە چارەسەریی بنەڕەتی لەبارەی کێشە هەڵواسراوەکانی دارایی.

وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەدا کە گفتوگۆکان دەرفەتێکی مێژووییە بۆ بەدیهێنانی ئاشتەوایی دارایی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان و تەئکیدیشی لەسەر گرنگی بەهێزکردنی هاوکاری دارایی نێوان هەردوولا و گەیشتن بە چارەسەریی بەردەوام بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی دارایی کردەوە.