بە بڕیاری سەرۆکوەزیران، دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوی قوشتەپە دەکرێت
پرۆژەکە ئاوی قەزای قوشتەپە و بیستانە و زیاتر لە 60 گوند دابین دەكات

بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری بە گوژمەی 189 ملیار و 670 ملیۆن دینار جێبەجێ دەكرێت.
دووشەممە، 09-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا بە جێبەجێكردنی پرۆژەی ستراتیژیی ئاوی قوشتەپە و گوندەكانی دەوروبەری لە سنووری پارێزگەی هەولێر.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە دەكەن كە لە ڕۆژێكدا توانای بەرهەمهێنانی 72 هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی هەیە و كێشەی كەمئاوی سنوورێكی فراوانی دەوروبەری هەولێر چارە دەكات و ئاوەدانی بۆ ئەو ناوچە گەورەیە دەگەڕێنێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، گوژمەی پڕۆژەكە 189 ملیار و 670 ملیۆن دینارە و بەمزووانە دەست بە كارەكانی دەكرێت و هەوڵ دەدرێت لە ماوەیەكی كەمدا تەواو بكرێت.
پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری یەكێكە لە پڕۆژە گەورە و ستراتیژییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بودجەكەی بۆ تەرخان دەكرێت و سەرچاوەی ئاوەكەی لە زێی بچووك لە سنووری گوندی قەشقە دابین دەكرێت.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە گرنگی و توانای بەرهەمهێنانی ئاو لەلایەن پڕۆژەكەوە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پرۆژەكە پێك هاتووە لە دوو کۆگای گەورەی ئاو، یەكێكیان لە سنووری بیستانەیە و یەكێكیشیان لە قوشتەپەیە.
ئاری ئەحمەد باسی لەوەش کرد، "پرۆژەكە كێشەی كەمئاوی لە قوشتەپە و بیستانە و زیاتر لە 60 گوندی سنوورەكە بە تەواوەتی چارە دەكات و دەبێتە هۆی بووژانەوە و ئاوەدانیی ئەو گوندانە و بەردەوامی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ ئەو سنوورە فراوانەی دەوروبەری هەولێر. جگە لەوەی كێشەی كەمئاوی لە قەزای قوشتەپە و بێستانە و گوندەكانی ئەو سنوورە بە تەواوەتی چارەسەر دەكات، هاوكات چەندین ناوچەی پیشەسازی و كارگە و بازاڕ و پڕۆژەی جۆراوجۆر كە گرفتی كەمئاویان هەیە دەكەونە سنووری ئەو پڕۆژەیەوە".
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ یەكشەممە، 08-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاوی هەولێری دانا كە بۆ ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ كێشەی كەمئاوی لە شاری هەولێر چارەسەر دەكات.