سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بانگهێشتی لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا (COP29) کرا
باڵیۆزی کۆماری ئازەربایجان لە عێراق، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی بانگهێشتی لووتکەی جیهانیی کەشوهەوا (COP29)ی کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، 09-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە نەسیر مەمەدۆڤ، باڵیۆزی کۆماری ئازەربایجان لە عێراق کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا "باڵیۆزی ئازەربایجان، سڵاو و ڕێزی سەرۆککۆماری ئازەربایجانی بە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گەیاند و بانگهێشتی لووتکەی جیهانیی کەشوهەوا (COP29)ی کرد، کە بڕیاڕە لە مانگی نۆڤێمبەری ئەمساڵ، لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان ببەسترێت".
لوتکەی ئەمساڵی جیهانیی کەشوهەوا (COP29) لە ماوەی نێوان 11 بۆ 22ـی تشرینی دووەم لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوە دەچێت.
لە دیدارەکەدا، وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کرا و هەنگاوەکانی کردنەوەی کونسولخانەی گشتیی ئەو وڵاتە و دەستپێکردنەوەی گەشتی ئاسمانیی ڕاستەوخۆی نێوان باکۆ و هەولێر تاوتوێ کرا".
ئاماژە بەوەش کرا، سەرۆکی حکوومەت، "خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆماری ئازەربایجان دووپات کردەوە".