شاندی حکوومەتی عێراق دەگەڕێتەوە بەغدا
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاری ئابووری عێراق و ئەنجوومەنی ئابووری هەرێمی کوردستان کۆتاییهات.
هەردوو ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی چارەکردنی کێشەی مووچە و ژمارەیەک پرسی دیکە گەیشتنە ڕێککەوتن.
ماوەی دوو ڕۆژە کۆبوونەوەکانی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەردەوامن و بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، هەردوولا لەبارەی ژمارەیەک پرس گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنی باشیش لەسەر ژمارەیەک پرسی دیکە هەیە.
کوردستان24 زانیویەتی، هەردوو ئەنجوومەنەکە لەسەر ئەم خاڵانە ڕێککەوتوون:
1. کۆمپانیاکان تەنها باج بە یەک حکوومەت بدەن، یان حکوومەتی عێراق یان هەرێمی کوردستان؛ واتا نابێت باجی دوولایەنە بمێنێت.
2. چارەکردنی کێشەکانی وەبەرهێنانی هەردوولا؛ بۆ ئەم مەبەستە هەفتەی داهاتوو شاندێکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا.
3. کێشەی مووچە چارە دەکرێت و لەو چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ یان سبەی لیستی مووچەی مانگی ئاب ڕەوانەی بەغدا دەکرێت.
4. پێکهێنانی لێژنەیەکی هاوبەش بۆ لادانی بازگەکانی گومرگی لە نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق.