شوان کەلاری: کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزاری ئابووریی عێراق لە هەولێر ئەنجامی ئەرێنی دەبێت

شوان كه‌لاری، په‌رله‌مانتاری عێراق
شوان كه‌لاری، په‌رله‌مانتاری عێراق

په‌رله‌مانتارێكی عێراق، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، خه‌می گه‌وره‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بریتییه‌ له‌ به‌ده‌ستهێنان و به‌دیهێنانی ماف و شایسته‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان؛ ده‌شڵێت، سه‌رۆك بارزانی به‌ ڕاشكاوانه‌ و ڕووبه‌ڕوو خه‌می هه‌رێمی كوردستان به‌ شانده‌ عێراقییه‌كان ده‌ڵێت و بۆیان ڕوون ده‌كاته‌وه‌، كه‌ كێشه‌ی هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا مووچه‌ نییه‌، به‌ڵكوو خه‌می ستراتیجین و مافی نه‌ته‌وه‌یه‌كن.

دووشه‌ممه‌، 9ـی ئه‌یلوولی 2024، شوان كه‌لاری، په‌رله‌مانتاری عێراق، تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی: ئه‌و سێ تێبینییه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی دوو ڕۆژی ڕابردووی نێوان ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاره‌تی ئابووریی عێراق و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان گفتوگۆیان له‌سه‌ر كرا و وه‌كوو تێبینی لایه‌نی عێراق خرایه‌ ڕوو، ئه‌وه‌ نه‌بوون كۆبوونه‌وه‌ی گه‌وره‌ی له‌م شێوه‌یان له‌سه‌ر بكرێت.

شوان كه‌لاری ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و خودی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئاماده‌ییان ده‌ربڕیوه‌ بۆ چاره‌كردنی هه‌ر تێبینییه‌كی عێراق و ئه‌مه‌یشیان به‌ كرده‌وه‌ جێبه‌جێ كردووه‌، به‌ڵام لایه‌نی عێراق وه‌ڵامی ئه‌رێنی نه‌بووه‌.

ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، كه‌سانێك له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌نه‌ یاری له‌گه‌ڵ گیرفانی به‌تاڵی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن و ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌م پێشهاته‌ ئه‌رێنیانه‌ تێك بده‌ن به‌تایبه‌ت كه‌ واده‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان نزیك بووه‌ته‌وه‌.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ ڕاكێشا، سبه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و شانده‌ باڵاكه‌ی عێراق دۆخی دانوستان و گفتوگۆكانی ناو كۆبوونه‌وه‌كانی دوو ڕۆژی ڕابردوو ده‌خه‌نه‌ ڕوو و هه‌موو ئه‌و پروپاگه‌نده‌ و چه‌واشه‌كارییانه‌ ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان دژ به‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گیراونه‌ته‌ به‌ر.

دووشه‌ممه‌، 9ـی ئه‌یلوولی 2024، پێشه‌وا هه‌ورامانی، گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به‌ كوردستان24ـی ڕاگه‌یاند، ئه‌م جۆره‌ كۆبوونه‌وانه‌ ئه‌رێنین به‌تایبه‌تی كه‌ له‌ یه‌كه‌م ڕۆژه‌وه‌ سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی ئاماده‌یی هه‌رێمی كوردستانی بۆ هه‌ر جۆره‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه‌ ده‌ربڕیوه‌.

پێشه‌وا هه‌ورامانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كۆبوونه‌وه‌كان زۆر ورد بوون و سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی خودی به‌شداری له‌ ورده‌كارییه‌كان كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.

گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌وه‌ش كرد، ئه‌نجوومه‌نی باڵای وه‌زاری حكوومه‌تی فیدراڵ و ئه‌نجوومه‌نی باڵای وه‌زاره‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ پرسی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر شێواز (صیغة)ـیه‌ك ڕێك كه‌وتوون و ئه‌م شێوازه‌ ده‌به‌نه‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق و بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت.

ناوبراو هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، لایه‌نی عێراقی ڕه‌زامه‌ند بوو له‌سه‌ر ناردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان هاوكات له‌گه‌ڵ چاره‌كردنی تێبینییه‌ ته‌كنیكییه‌كان كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تاوه‌كوو كۆتایی ئه‌م ساڵ چاره‌یان بكات.

پێشه‌وا هه‌ورامانی تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش، تێبینییه‌كان تایبه‌تن به‌ بایۆمه‌تری و فه‌رمانبه‌رانی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند ناوێكی دووباره‌.

گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕوونیشی كرده‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ پرسی نه‌وت، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و لایه‌نه‌ نییه‌ كه‌ كۆسپ و ئاسته‌نگ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی دووباره‌ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وته‌كه‌ی دروست بكات، به‌ڵكوو جارێكی دیكه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ دووپات له‌سه‌ر ئاماده‌یی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرایه‌وه‌ بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ ڕاگرتنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، زیانێكی گه‌وره‌ی به‌ بودجه‌ی حكوومه‌تی عێراق گه‌یاندووه‌.

گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتیشی: تا ئێسته‌ له‌وه‌ته‌ی ڕاگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، نزیكه‌ی 19 ملیۆن دۆلار زیان به‌ر كه‌رتی وزه‌ی عێراق كه‌وتووه‌. سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌ هه‌ردوو لا ڕێككه‌وتن دانیشتنێك له‌نێوان وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق و وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكرێت.