بەغدا.. تەقینەوەیەک کوژران و برینداری لێ کەوتەوە
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 10-09-2024، بەهۆی تەقینەوەیەک لە ناوچەی "شوعلە"ـی بەغدا، دوو کەس کوژران و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، تەقینەوەکە بە دیاریکراوی لە گەڕەکی "سەلامییات"ـی ناوچەی شوعلەی بەغدا بووە، بەهۆیەوە سەربازێکی سوپای عێراق و شۆفێرێکی "توک توک" کوژراوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
شوێنی تەقینەوەکە لە یەکێک لە خاڵەکانی پشکنینی سوپای عێراقەوە نزیک بووە. پەیامنێری کوردستان24 گوتی: شۆفێری توک توکەکە، بۆمبێکی لەنێو توورەکەیەکدا دانابوو و بە سەربازێکی سوپای عێراقی دابوو؛ سەربازەکە کاتێک توورەکەکەی کردووەتەوە، بۆمبەکە تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە سەربازەکە و شۆفێرەکە گیانیان سپاردووە.
لیوا وەلید تەمیمی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، بە مێدیا نێوخۆییەکانی عێراقی ڕاگەیاندووە، ئەو ڕووداوەی لە ناوچەی "سەلامییات"ـی باکووری بەغدا ڕووی داوە، "لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی بووە و تیرۆریستی نەبووە".