دیندار زێباری لە دبلن: پەلە بکرێت لە دانانی میکانیزمێکی یەکگرتوو بۆ لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان

دیندار زێباری لە دبلن
دیندار زێباری لە دبلن

دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە دەیەمین ساڵیادی جینۆساید کردنی کوردانی ئێزدی لە دبلنی پایتەختی كۆماری ئێرلەندا ڕایگەیاند: پێویستە پەلە بکرێت لە دانانی میکانیزمێکی یەکگرتوو بۆ لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان.

سێشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2024،  بەبۆنەی دەیەمین ساڵیادی جینۆساید کردنی کوردانی ئێزدی لە دبلنی پایتەختی كۆماری ئێرلەندا كۆبوونەوەیەكی تایبەت ئەنجامدرا و تێیدا، .دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان بە بانگهێشتی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئێرلەندا بەشدار بوو.

لە کۆبوونەوەکەدا کە نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئێرلەندا، حکوومەتی فیدراڵی، ڕێکخراوی یەزدا، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ (IOM) و ژمارەیەک کەسایەتی ئەکادیمی و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی بەشدار بوون، دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە پێشەکشکردنی گوتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا گوتی: ئەمڕۆ یادی (10)ساڵەی یەکێک لە دڕندەترین تاوانەکانی جینۆساید دەکەینەوە کە بەسەر خوشک و برایانی ئێزیدیدا هات، 10ساڵى پڕ لە نەهامەتى و خۆڕاگری بوو بۆیان.

گوتیشی: لە کاتێکدا ئەو یادە دەکەینەوە بە گرنگى دەزانین باس لە هەوڵ و هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین بۆ بەدیهێنانى دادپەروەری و پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و قەرەبوو کردنەوەی قوربانیانی ئەم تاوانە نێودەوڵەتییانە، لە دەرەنجامی ئەم هەوڵانە زیاتر لە (10) وڵات دانیان بەوە نا کە ئەوەی دژی ئێزیدییەکان کراوە بە هەموو پێوەرێک جینۆساید و تاوانی نێودەوڵەتییە.

سەبارەت بە دۆزینەوەی چوارچێوەیەکی یاسایی دادگایی کردنی تیرۆریستانی داعش زێباری گوتی: حکوومەتی هەرێم هەنگاوى زۆری ناوە، لەوانە پێکهێنانی لیژنەی باڵای وەزاری بۆ بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش لە تشرینی دووەمی 2020، بە ئامانجی دادگاییکردنێکى دادپەروەرانەى تاوانباران، ئامادەکردنی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند بە تاوانەکانی داعش لە هەرێمی کوردستان بە هاوکاری تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) و پێشکەشکردنی بە پەرلەما، کە چەندین بڕگەى تایبەتى بە دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش لەسەر تاوانەکانی وەک جینۆساید، تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگى لەخۆ گرتبوو، بەڵام دادگای فیدڕاڵی رەتیکردەوە، بۆیە حکوومەتی هەرێم بە پشتبەستن بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ژمارە 3ـی ساڵی 2006 دادگایى تاوانبارانى داعش دەکات و  کەیسەکان یەکلایی دەکاتەوە، بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2021 تا 2023 کۆی گشتی (498) تاوانبارى داعشى دادگایی کراون و لە 1/ 1/2024، تا 31ـى ئازاری 2024، لە هەرێم (123) تاوانباری دیکە دادگایی کراون.

دیندار زێباری لە درێژەی وتارەکەیدا گوتی: دوای دامەزراندنی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) هەماهەنگیمان لەگەڵیان بەردەوام بووە، ئەمەش ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەگەڵ شایەدحاڵەکان و تیرۆریستان و ئەنجامدانی پرۆژەی بە دیکیۆمێنت کردن و ئەرشیف کردنی تاوانەکانی داعش بە سیستەمێکی تەکنۆلۆژی پێشکەوتوو بۆ ئەوەی لە پرۆسەی دادگایی کردنی تیرۆریستان سوودیا لێ ببینرێت.

ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها گوتی: دوای هێرشەکانی تیرۆریستانى داعش، هەرێمی کوردستان میوانداری زیاتر لە دوو ملیۆن پەنابەر ئاوارەی ناوخۆیی کرد، تا ئێستاش (730.930)یان لە هەرێم نیشتەجێن کە بەشی هەرە زۆریان خوشک و برا ئێزدییەکانن. ڕزگارکردن و دووبارە شیاندنەوەى ڕزگاربووانی ئێزیدییەکان تا ئێستاش لەپێشینەى کارەکانى حکومەتى هەرێمە. تا ئێستا (3.579) کەس ڕزگار کراون و مانگانە حکومەتی هەرێم هاوکارییان دەکات و (2.579) کەسیش تا ئێستا بێسەروشوێنن، لەلایەکی دیکەوە هێزی پێشمەرگەی کوردستان قوربانى بەرچاوى داوە بۆ شکست پێهێنانی داعش و رزگار کردنەوەی ئەو ناوچانەی دەستی بەسەردا گرتبوون و لەم پێناوەدا زۆری داوە کە گەیشتە (1.814) شەهید و (10.725)  بریندار و (44) پێشمەرگەش تائێستا بێسەروشوێنن.

لە کۆتایی وتارەکەیدا ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: داوا دەکەین پەلە بکرێت لە دانانی میکانیزمێکی یەکگرتوو بۆ لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان و دەستەبەرکردنی دادپەروەری بۆ قوربانیان لە گشت پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبییەکان بەبێ جیاوازی، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی کۆکردنەوەی بەڵگە و لێکۆڵینەوەکان و دادگاییکردنی دادپەروەرانەی تاوانبارانی داعش و قەرەبوو کردنەوەی قوربانیانی تیرۆر و کەسوکاریان.