ئاراس قادر: هەرێمی کوردستان پێداگر بووە کێشەکان لەگەڵ عێراق بە دەستوور چارە بکرێن

ئاراس قادر خۆشناو، سەرۆکی سەنتەری زانیاریی و لێکۆڵینەوەی ستراتیجیی کوردستان
ئاراس قادر خۆشناو، سەرۆکی سەنتەری زانیاریی و لێکۆڵینەوەی ستراتیجیی کوردستان

سەرۆکی سەنتەری زانیاریی و لێکۆڵینەوەی ستراتیجیی کوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، هه‌رێمی كوردستان كێشه‌ی سیاسیی له‌گه‌ڵ عێراق هه‌یه‌، كێشه‌ی دارایی و ئابووری دوو كێشه‌ی لاوه‌كین؛ ده‌شڵێت، كێشه‌ی ساڵانی ڕابردوو له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق جێبه‌جێنه‌كردنی ده‌ستووری عێراق بووه.

سێشه‌ممه‌، 10ـی ئه‌یلوولی 2024، ئاراس قادر خۆشناو، سەرۆکی سەنتەری زانیاریی و لێکۆڵینەوەی ستراتیجیی کوردستان تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی: گه‌وره‌ترین كێشه‌ی ساڵانی ڕابردوو له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق جێبه‌جێنه‌كردنی ده‌ستووری عێراق بووه‌ كه‌ په‌یماننامه‌ی لایه‌ن و پێكهاته‌كانه‌ بۆ پێكهێنانه‌وه‌ و بونیاتنانه‌وه‌ی عێراقی نوێ.

ئاراس قادر خۆشناو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، هه‌رێمی كوردستان له‌ لای خۆیه‌وه‌ به‌رده‌وام پێداگر بووه‌ له‌سه‌ر چاره‌كردنی پرس و كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور.

ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، عێراق به‌رده‌وام له‌سه‌ر ئاستی حكوومه‌ت و په‌رله‌مانه‌كه‌ی و هه‌ندێك جاریش له‌ ڕێگه‌ی هاندانی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ فشاره‌كانی له‌سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زیاتر ده‌كرد.

سەرۆکی سەنتەری زانیاریی و لێکۆڵینەوەی ستراتیجیی کوردستان گوتیشی: حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و تیمه‌كانی به‌تایبه‌تی تیمه‌ ته‌كنیكییه‌كانی كه‌ خودی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ پشتیانه‌وه‌ بوو، كێشه‌ داراییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراقیان به‌ شێوه‌یه‌كی زانستی و هونه‌رییه‌وه‌ چاره‌ كرد و خسته‌ ڕوو، كه‌ دواجار باوه‌ڕی حكوومه‌تی عێراقی گۆڕی و ڕاستییه‌كانی بۆ ڕوون بووه‌وه‌.

ئاراس قادر خۆشناو هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، هه‌رێمی كوردستان كێشه‌ی سیاسیی له‌گه‌ڵ عێراق هه‌یه‌، كێشه‌ی دارایی و ئابووری دوو كێشه‌ی لاوه‌كین، بۆیه‌ سه‌رۆك بارزانی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ شاندی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاری ئابووریی عێراق دووپاتی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ كرده‌وه‌، كه‌ نابێت هه‌موو قوربانییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان نادیده‌ بگیرێت.

دووشه‌ممه‌، 9ـی ئه‌یلوولی 2024، پێشه‌وا هه‌ورامانی، گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به‌ كوردستان24ـی ڕاگه‌یاند، ئه‌م جۆره‌ كۆبوونه‌وانه‌ ئه‌رێنین به‌تایبه‌تی كه‌ له‌ یه‌كه‌م ڕۆژه‌وه‌ سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی ئاماده‌یی هه‌رێمی كوردستانی بۆ هه‌ر جۆره‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه‌ ده‌ربڕیوه‌.

پێشه‌وا هه‌ورامانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كۆبوونه‌وه‌كان زۆر ورد بوون و سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی خودی خۆی به‌شداری له‌ ورده‌كارییه‌كان كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.

گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌وه‌ش كرد، ئه‌نجوومه‌نی باڵای وه‌زاری حكوومه‌تی فیدراڵ و ئه‌نجوومه‌نی باڵای وه‌زاره‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ پرسی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر شێواز (صیغة)ـیه‌ك ڕێك كه‌وتوون و ئه‌م شێوازه‌ ده‌به‌نه‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق و بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت.

ناوبراو هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، لایه‌نی عێراقی ڕه‌زامه‌ند بوو له‌سه‌ر ناردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان هاوكات له‌گه‌ڵ چاره‌كردنی تێبینییه‌ ته‌كنیكییه‌كان كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تاوه‌كوو كۆتایی ئه‌م ساڵ چاره‌یان بكات.

پێشه‌وا هه‌ورامانی تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش، تێبینییه‌كان تایبه‌تن به‌ بایۆمه‌تری و فه‌رمانبه‌رانی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند ناوێكی دووباره‌.

سێشه‌ممه‌، 10ـی ئه‌یلوولی 2024، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ناردنی مووچەی مانگەکانی داهاتووی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هیچ بەربەستێک لەبەردەم ناردنی مووچە نەماوە و چاوەڕێی ناردنی ئەو پارەیە دەکەین کە ماوە.

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، دوای ناردنی پارەکەی بەغدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچە بڵاو دەکاتەوە و دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت دەکرێت و ئامادەکارییەکانیش بۆ مووچەی مانگ 9 دەست پێ دەکەین.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، پێشوازیی لەم لێکتێگەشتنە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ دەکەن و ئومێدەوارن لەسەر پرسەکانی دیکەش بگەنە ڕێککەوتن، هەروەکو چۆن لە پرسی مووچە لێکتێگەشتنەکان ئەنجامی هەبوو.