بەرەبەیانی سبەی دیبه‌یتی نێوان هاریس و ترەمپ دەست پێدەکات

کامالا هاریس و دۆناڵد ترەمپ
کامالا هاریس و دۆناڵد ترەمپ

K24 – هەولێر:

دیبەتی نێوان هاریس و ترەمپ دەست پێدەکات و پێشبینی دەکرێت ترەمپ تیری قسە ڕەقەکانی بەرانبەر بە هاریس تیژتر کردبێت.

بەرەبەیانی سبەی چوارشەممە دیبه‌یتی نێوان كاندیدی دیموكرات و كۆمارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا ده‌ست پێده‌كات و وەک هەمیشە چاوەکان لەسەر ترەمپن و پەرۆشن ببین. ئایا ترەمپ ئەمجارەش لەسەر سیاسەتی هێرشکردنە سەر ڕکابەرەکانی بەردەوام دەبێت، یاخود جیاوازتر لە دیبەیتەکانی پێشتر دەردەکەوێت؟

بەڵام پێشبینی دەکرێت، ترەمپ تیری قسە ڕەقەکانی بەرانبەر بە هاریس تیژتر کردبێت و بەهەمان شێوەی ترەمپ و ڕکابەرەکانی دیکەی پێشوو لە دیبەیتەکە بەردەوام سەربخاتە سەری و هەوڵ بدات زیاتر لە کەسایەتی هاریس بدات.

مێژووی دیبەیتەکانی ترەمپ هەمیشە پڕ بووە لە هێرشکردنە سەر ڕکابەرەکانی، تەنانەت ڕکابەرە کۆمارییەکانیش هەمیشە لە دیبەیتەکان کەتوونەتە ژێر هێرشی قسە ێەق و توندەکانی ترەمپ.

لە هەر سێ دیبەتەکەی لەگەل هیلاری کلینتن، لە ساڵی 2016 ترەمپ چەندین جار هێرشی کردە سەر کەسایەتی کلینتن، تەنانەت لە یەکێک دیبەیتەکاندا بەردەوام بە دەوری هیلارییەوە دەخولایەوە.

ترەمپ ئەو ئافرەتانەشی بۆ دیبەیتەکە بانگهێشت کردبوو، کە هاوسەرەکەی هیلارییان بە هەراسانکردنی سێکسی تۆمەتبارکردبوو.

لە یەکەم دیبەیتیشی بەرانبەر بە جۆ بایدن لە 2020 ترەمپ 145 جار قسەکانی بایدنی بڕی، تا گەیشتە ئەو ئاستەی بایدن پەست بوو بە ترەمپی گوت: "ئەرێ کاکە دەکرێت دەمت داخەی؟"

لە یەکەم دیبەیتی ئه‌مساڵیش لە مانگی شەش، ترەمپ چەندین جار بایدنی بە کەسێکی پیر و لاواز ناوبرد. لە یەکێک لە وەڵامی پرسیارەکان، کاتێک بایدن دەمی تەتەڵەی کرد، ترەمپ گوتی، "نازانم لە کۆتاییدا باسی چی کرد، بڕواناکەم خۆشی بزانێت چی گوت."

ئەمە جگە لەوەی، بە گوێرەی شارەزایان و شیکەرەوەکان ترەمپ لە دیبەیتەکەدا لە 31 بابەتدا ڕاستی نەگوتووە.

بڕیارە لە 5ـی تشرینی دووەمی 2024 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بەڕێوە بچێت، ڕاپرسییەکان دەری دەخەن دۆناڵد ترەمپ و کامالا هاریس دەنگەکانیان لەیەکترەوە نزیکن و چاوەڕێی ڕکابەرییەکی سەخت دەکرێت.