مەلا بەختیار: کە بیناکانیان داگیر کردوین، بۆیان نیە چالاکیەکانمان داگیربکەن

مەلا بەختیار، سیاسەتمەدار
مەلا بەختیار، سیاسەتمەدار

مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتی فێستیڤاڵی گەلاوێژ دەڵێت:کە بیناکانیان داگیر کردوین، بۆیان نیە چالاکیەکانمان داگیربکەن، دەشڵێت: ئەوەی فێستیڤاڵی گەلاوێژی ڕاستەقینەی دەوێت، ئەوە ئێمە بەردەوام دەبین.

چاودێر بڵاوی کردووەتەوە، سێشەممە 10ـی ئەیلوولی 2024،  لیژنەی باڵای بیست و حەوتەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ بە سەرپەرشتی مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتی فێستیڤاڵی گەلاوێژ کۆبۆیەوەو تاوتوێی ئامادەکاریەکانی فێستیڤاڵیان کرد.

لە کۆبونەوکەدا مەلا بەختیار  سەرپەرشتیاری گشتی فێستیڤاڵی گەلاوێژ، وتەیەکی پێشکەش کرد و جەختی لەوەکردوە کە ئەم کۆبونەوەیە درێژەپێدەری کۆبوونەوەی پێشووی بنکەی ڕووناکبیری گەلاوێژە کە رۆژی (21/8/2024) ئەنجامدراو تێیدا بڕیار لەسەر ئەنجامدانی بیست و حەوتەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ درا.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەکرد، کاتێک دەستمان بە ئەنجامدانی یەکەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ کرد، کوردستان خوێنی شەڕی ناوخۆی لێدەتکا، بەڵام ئێمە بەم فێستیڤاڵە ئومێدمان لای نوسەران و روناکبیران دروستکرد، ئەوکاتیش هیچ جیاوازیەکمان لەنێوان نووسەرانی سەرانسەری کوردستاندا نەکردووە، تەنانەت یەک دروشمی فێستیڤاڵ و بڕیارێکیش بۆ حیزب و حیزبایەتی نەنوسراوە. هەرچی کراوەو دەکرێ لە خزمەتی دیموکراسی و ڕۆشنگەری و سەربەستی ژن و ئازادیی ئەقڵ بووە، نەک پاشکۆیەتی بۆ سیاسەتی حیزب، گوتیشی: بە درێژایی 26 فێستیڤاڵی پێشوودا، بە هیچ شێوەیەک حزب دەستوەردانی لە بەرنامە و ستراتیژی فێستیڤاڵی گەلاوێژدا نەکردوە و بەوپەڕی سەربەخۆیی کارەکان ئەنجام دراون.

مەلا بەختیار ڕایگەیاند: کێشەی داگیرکردنی ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر، کێشەی بنکەی گەلاوێژ نیە بە تەنیا، بەڵکو کێشەی تەواوی سەنتەرەکانی ناو ناوەندەکەیە لەوانە، پلاتفۆڕمی دابران،  فێمێنیزمی رۆشنگەری، رادیۆی مەدەنیەت، چوار سایت، هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی، هۆڵی دیالۆگ، بەڕێوەبردنی سیمیناری هەفتانەو دەرکردنی گۆڤار و پەیجەکان، بۆیە هاتنە سەر ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، قفڵدانی کۆی ئەو سەنتەر و بەش و چالاکیانەیە نەک بە تەنیا بنکەی گەلاوێژ، لەگەڵ ئەوەشدا کە بیناکانیان داگیرکردوە، بەڵام بۆیان نیە چالاکیەکانیشمان داگیر بکەن.

مەلا بەختیار جەختی لەوەکردەوە، ئێمە لە ئەنجامدانی فێستیڤاڵی گەلاوێژ بەردەوام دەبین و هەموو ئەو ڕووناکبیر و نوسەرانەی لە بیست و شەش ساڵی رابردودا خەمی ئەدەب و مەعریفە و رۆشنگەری  کۆیکردووینەتەوە، بە پاڵپشتی خۆمانیان دەزانین، بۆیە ئەوەی فێستیڤاڵی ڕاستەقینەی دەوێت، ئێمە بەردەوام دەبین، ئەوەشی خەڵکی دیکەی دەوێت ئەویش ئازادە، مێژووش دەریدەخات کێ خاوەندارێتی ڕاستەقینەی فێستیڤاڵی گەلاوێژ دەکات، بێگومانیش خۆم سەرپەرشتیاری گشتی فێستیڤاڵم و  پەیوەندی  و متمانەیەکی بەهێز لە نێوان من و نووسەرانی عەرەب و نووسەرانی تەواوی کوردستان دروست بووە، بۆیە بە پشتیوانی خەمخۆران و دۆستانی ڕۆشنبیری، بەردەوام دەبین، ناهێڵین کاروانی رۆشنگەری و مەعریفە و ئازادیی ئەقڵ، بە روداوێکی نەخوازراو پەکبخرێت.

دامەزراوەکە دەڵێت: هاوکات لێرەوە نوسەران و شاعیران و ئەدیبان ئاگاداردەکەینەوە کە بابەتەکانیان بۆ ئەم ئیمەیلەی خوارەوە بنێرن:

[email protected]

زانیاریی زیاتر لەم لینکەوە دەخوێننەوە:

https://chawder.org/detailnews.aspx?jimare=37740&cor=15...